تورکیا لەو ١٠ ساڵەدا ئەوەندەی ١٥٥٠٠٠ یاریگای تۆپانێ دارستانی لێ سووتاوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

یەكێك لە كێشە هەرە سەرەكییەكانی توركیا، سووتانی دارستانەكانیەتی، ساڵانە هەزاران دۆنم دارستان دەسووتێت، هۆكاری سووتانەكەش بەشێكی گەرمییە و بەشەكەی تریشی، دەستی ئەنقەست دەیسووتێنێت. لە ماوەی ١٠ ساڵدا ئەوەندەی ١٥٥٠٠٠ یاریگەی تۆپانێ دارستان لە توركیا سووتاوە.

لە ناوچەی ئاكبەلانی سەر بە شاری موغلە، حكوومەت سەدان دۆنم زەوینی پڕ دارستانی بڕیوەتەوە و دەیەوێت بیكاتە باڵەخانەی نیشتەجێبوون و هەروەها دروستكردنی كارگەی خەڵووز، ئەم هەوڵەی حكوومەت میدیای توركیا و هاووڵاتیانی هێناوەتە دەنگ و دەڵێن دەبێت رێگە لەو هەوڵە بگیرێت؛ ئەوەتا لەبەر گۆڕانی كەشوهەوا ناچارین رێژەی سەوزایی زیاد بكەین نەك كەمی بكەینەوە.
تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢، لە تەواوی توركیا و باكووری كوردستان، زیاتر لە پەنجاهەزار هێكتار دارستان سووتان و سەدان هەزار دار لەناو چوونە، ئەوكات حكوومەت تۆمەتبار دەكرا بەوەی فڕۆكەی ئاگركوژێنەوەی پێوست لە توركیا نییە، بۆیە دارستانەكان بوون بە خەڵووز.
سووتانی دارستان لە توركیا دیاردەیەکی ساڵانەیە، بەڵام ئەوەی هاووڵاتی لە توركیا و باكووری كوردستان نیگەران كردووە، بڕینەوەی دارستانە و لە شوێنی دارستانیش باڵەخانەی گەورە و كارگەی خەڵووز دروست دەكرێت.
دۆغانای تۆڵوونای، سەرۆكی بەشی ژینگە لە زانكۆی جەڕاح پاشا لە ئیستانبۆڵ، دەڵێت لە ماوەی ٢٠١٢ تا ٢٠٢٢، لە تەواوی توركیادا، ١١٠٠٠٠ هێكتار دارستان سووتاوە و ئەمەش بەرمبەرە بە ١٥٥٠٠٠ یاریگەی تۆپی پێ، واتە لە ماوەی ١٠ ساڵدا ئەوەندەی ١٥٥٠٠٠ یاریگەی تۆپانێ دارستان لە توركیا سووتاوە.
ئەو قسەی بۆ (DW)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”لە هەر شوێنێك دارستان بڕایەوە و لە شوێنیدا باڵەخانە دروست كرا، ئیدی ئەو شوێنە بە هیچ شێوەیەك ناتوانرێت ببێتەوە بە دارستان، چونكە زەوییەكە بە كەڵكی ئەوە نامێنێت، بۆیە دوای ٢٠ ساڵی تر، توركیا دووچاری كێشەی زۆر گەورە دەبێت و بەناچاری روو لە دروستكردنی دارستان دەكاتەوە، ئەوكاتیش هیچی پێ ناكرێت و كار لەكار ترازاوە.“
بەگوێرەی زانیارییەكان، تاوەكوو ئێستا، واتە لەكاتی دروستبوونی كۆماری توركیاوە ٨٠٩٠٠٠ هێكتار زەوی دارستان لە توركیا و باكووری كوردستان تێكدراوە و پڕۆژەی لەسەر جێبەجێ كراوە، بەڵام لەو رێژەیە ٥٥٠٠٠٠ هێكتاری لە دوای ٢٠٠٤وە تێك دراوە و شوێنەكەشی بووە بە باڵەخانەی نیشتەجێبوون و كارگەی گەورەی خەڵووز.
بەگوێرەی گوتەی شارەزایانی بواری ژینگە، وەكوو چۆن نان و ئاو گرنگن بۆ مانەوەی مرۆڤ، بەهەمان شێوە بوونی دارستانیش گرنگە، چونكە كە دارستانەكان لەناو بچن، مرۆڤیش لەناو دەچێت، بۆیە لە زۆرێك لە وڵاتان گرنگی زۆر بە چاندنی دار دەدرێت.
ئەگەرچی حكوومەتی توركیا، باس لەوە دەكات، لەوەتەی ئاكەپە هاتووەتە سەر دەسەڵات، رێژەی سەوەزایی و دارستانەكان زیادی كردووە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی توركیا بە پێچەوانەوە لێدوان دەدات و دەڵێن، ئەم حكوومەتە رەحم بە دار و دارستانەكان ناكات.