تایبەتمەندییەکی نوێ بۆ وەتسئاپ زیاد دەکرێت

بەکارهێنەرانی واتسپاپ لەمەوبەدوا دەتوانن پارچە ڤیدیۆی 60 چرکەیی لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە تۆماربکەن و بۆ هاوڕێکانیان بنێرن. ڤیدیۆکە کە نێردرا، ناتوانرێت دەستکاری بکرێت یان بۆ کەسێکی دیکە بنێردرێتەوە.

پێگەی ئەلیکترۆنی واتساپ کە لەلایەن کۆمپانیای ‘مێتاوە’ خاوەندارێتی دەکرێت، لە راگەیەندراوێکدا تایبەتمەندییەکی نوێی بۆ بەکار‌هێنەرانی ئەپڵیکەشنەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوە داوە، بەکارهێنەران ئێستا دەتوانن هاوکات لەگەڵ ناردنی نامەی دەنگی، کورتە ڤیدیۆش تۆماربکەن و بۆ هاوڕێکانیان بنێرن.

کاتێک بەکارهێنەرێکی واتسئەپ بیەوێت لەرێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە کورتە ڤیدیۆکە تۆماربکات، دەتوانێت بە یەکجار کلیکردن لەسەر ئایکۆنی ناردنی نامەی دەنگی، شێوەی ئایکۆنەکە بۆ بژاردەی تۆمارکردنی کورتە ڤیدیۆ بگۆڕێت، ڤیدیۆکە تۆماربکات و بۆ هاوڕێکانی یان لایەنی بەرامبەر بینێرێت.

هەر بەکارهێنەرێک دەتوانێت بۆ ماوەی 60 چرکە (یەک خولەک) ڤیدیۆ تۆماربکات و ئەو پارچە ڤیدیۆیەی بۆ کەسێک دەنێردرێت، ناتوانرێت بۆ بەکارهێنەرێکی دیکە بنێردرێتەوە یان دەستکاری بکرێت. ئەمەش وەکو ئەوەی لە راگەیەنداروەکەدا هاتووە، بۆ پاراستنی زانیاری و تایبەتمەندی بەکار‌هێنەرانە و هاشێوەی هەمان ئەو تایبەتمەندییەیە کە لە سناپچاتدا هەیە.

لەلایەن خۆیەوە رۆژنامەی “زە سەن”ـی بەریتانی لەبارەی تایبەتمەندییە نوێیەکەی واتسئەپەوە بڵاویکردووەتەوە؛ ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکرێت، تایبەتمەندییەکە بۆ هەموو بەکارهێنەران زیادبکرێت و “چاتکرن” لە نێوان بەکارهێنەراندا باشتر دەکات.

زیادکردنی ئەم تایبەتمەندییە لەلایەن پێگەی ئەلیکترۆنی واتسئەپەوە لە کاتێکدایە؛ رۆژی سێشەممە 23ـی ئایاری 2023، ئەپڵیکەیشنەکە تایبەتمەندی “دەستکاریکردنی نامە نێردراوەکان”ـی بۆ بەکار‌هێنەرانی زیادکرد و ئاماژەی بەوە دا،  بەکارهێنەرانی واتساپ دەتوانن لە ماوەی 15 خولەکدا ئەو نامانە چاکبکەنەوە کە ناردوویانن.

واتسئەپ پێگەیەکی ئەلیکترۆنی بەکۆدکراوی پەیوەندیکردن و نامە ئاڵۆگۆڕکردنە، بەشێکە لە کۆمپانیای مێتا کە لەگەڵ واتسئەپ خاوەندارێتیی هەریەکە لە فەیسبووک و ئینستاگرامیش دەکات. بە گوێرەی دوایین ئامارەکان، پێگە ئەلیکترۆنییەکە ئێستا زیاتر لە دوو ملیار بەکارهێنەری هەیە.