كارزان گلی – ههولێر
رەجەب تەیب ئەردۆغان، رەزامەندیی نیشان دا ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ، بباتە پەرلەمانی وڵاتەكەی تا بتوانێت بە 50+1 دەنگی پەرلەمانتاران تێپەڕێنرێت و سوید بە فەرمی ببێتە ئەندامی ناتۆ. بەڵام لەناو پەرلەمانی توركیا، بۆچوونی جیاواز هەیە، تەنانەت هاوپەیمانەكەی ئاكەپە و ئەردۆغانیش، دژی بەئەندام وەرگیرانی سویدن لە ناتۆ.
دەبوایە لەم مانگەدا پەرلەمانی توركیا لەبارەی ئەندامبوونی سوید كۆبوونەوەی بكردایە، بەڵام بەهۆی پشووی هاوینەی پەرلەمانەوە، دەنگدان دەكەوێتە پاییزی ئەمساڵ، شەڕی گەورەش لەوكاتەدا دەستپێدەكات.
ئەوەی بووەتە مایەی نیگەرانی ئەردۆغان و سوید، هەڵوێستی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپەیە، كە هاوپەیمانیی ئاكەپەیە لەناو پەرلەمانی توركیا، كاتێك لەبەردەم ئەندامانی پارتەكەی هێرشی توندی كرد و گوتی، چۆن دەبێت وڵاتێك قورئانی پیرۆز بسوتێنێت، كەچی توركیا رێگە بدات بیكاتە ئەندامی ناتۆ.
دوای ئەو لێدوانە، ئەردۆغان بەپەلە بانگهێشتی كۆشكی كۆماری كرد و كۆبوونەوەیەكی بەپەلەیان ئەنجامدا، بەڵام نازانرێت دوای ئەو كۆبوونەوەیە هەڵوێستی باخچەلی وەكوو خۆی ماوە یان گۆڕاوە.
ئاكەپە، بۆ ئەوەی بتوانێت لەناو پەرلەمانی توركیا بە 50+1 سوید بكاتە ئەندامی ناتۆ، پێویستی بە دەنگی مەهەپەیە، چونكە دەنگی خۆی ناگەتە ئەو رێژەیە، واتە بەبێ مەهەپە، هەرگیز لەناو پەرلەمانی توركیا دەنگ بە ئەندامبوونی سوید نادرێت، بۆیە هەموو هەوڵێكی ئەردۆغان و سوید و تەنانەت ناتۆش بۆ ئەوەیە، باخچەلی رازی بكەن.
وەكوو ئەوەی لە میدیاكانی توركیاشەوە باس دەكرێت، رازیكردنی باخچەلی بۆ ئەردۆغان مەحاڵ نییە و بەئاسانی دەتوانێت بڕوای پێ بهێنێت.
هەڵوێستی جەهەپە و هەدەپە روونە، ئەوان دژایەتی ئەندامبوونی سویدن لە ناتۆ، بەتایبەت هەدەپە، چونكە هەدەپە پێیوایە، رێككەوتنی توركیا و سوید لە بەرژەوەندی پەكەكە و یەپەگە دەدات، واتە گرەو لەسەر رۆژئاوا كراوە، بەوەی سوید هەموو هاوكارییەكی رۆژئاوا رادەگرێت و هەروەها پاڵپشتی توركیا دەكات بۆ لاوازكردنی پەكەكە، بۆیە هەدەپە دەنگ بە ئەندامبوونی سوید نادات.
رەنگە دواكەوتنی دەنگدان لەسەر ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ لە پەرلەمانی توركیا، شانسێكی باش بێت بۆ سوید، تا ئەو ماوەیە بقۆزنەوە و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی ناو پەرلەمان دەستپێبكەن، چونكە ئەگەر مەهەپە لەسەر بڕیاری خۆی نەیەتە خوارەوە دەنگی پێ نەدات، ئەوكات دەبێت ئاكەپە روو لە پارتی رەفاح و ئاییندە و دەوا بكات، چونكە دەنگی ئەو سێ پارتە، دەگاتە رێژەی كورسییەكانی مەهەپە لەناو پەرلەمان و ئەگەر ئەوان رازی بن، ئەندامبوونی سوید دەنگی پێویست دەهێنێت.
بەڵام ئەگەر بێت و مەهەپە لەسەر قسەی خۆی بێت و بڕیاری ئەندامبوونی سوید بە هەڵە بزانێت و ئاكەپەش بەردەوام بێت لە پاڵپشتی سوید بۆ ناتۆ، ئەمە دەرگای ناكۆكییەكی سەخت لە نێوان مەهەپە و ئاكەپە دەكاتەوە، دوور نییە هاوپەیمانییەتەكەیان هەڵوەشێتەوە، هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی (كۆماری)ش، واتە ئاكەپە لەناو پەرلەمان زۆرینە لە دەست دەدات، بەمەش دەسەڵاتەكانی ئەردۆغان سنووردار دەكرێت، بۆیە ئۆپۆزسیۆنی توركیا هانی مەهەپە دەدەن تا دەنگ بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ نەدات، ئاكەپەش، هەموو هەوڵێكی خۆی خستووەتە گەڕ تا بتوانێت باخچەلی رازی بكات و بە هەردووكیانەوە سوید بكەنە ئەندامی ناتۆ.