ئەنجوومەنی ناتۆ-ئۆکرانیا، یەکەم کۆبوونەوەی لە میانەی لووتکەی ناتۆ لە ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا سازکرد و بڕیاریشە بۆ جاری دووەم کۆببێتەوە.
ئەنجوومەنی ناتۆ-ئۆکرانیا لەسەر بانگەوازی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەناردەکردنی دانەوێڵە لە دەریای رەشەوە گفتوگۆ دەکات.
ئۆوانا لونجیسکو، گوتەبێژی ناتۆ دوێنێ شەممە گفتوگۆی لەگەڵ یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کرد و باسیان لە کشانەوەی یەکلایەنەی رووسیا لە رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵە کرد.
لونجیسکو، ئەوەی خستەڕوو، لەسەر داوای زێلێنسکی رۆژی چوارشەممە 26ی تەمووز ئەنجوومەنی ناتۆ-ئۆکرانیا کۆدەبێتەوە. مژاری کۆبوونەوەکەش هەناردەکردنی دانەوێڵە لەرێی دەریای رەشەوە دەبێت.
بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی جەنگی رووسیا-ئۆکرانیا لەسەر نرخی خۆراک لە جیهاندا لە 22ی تەمووزی 2022دا نەتەوەیەکگرتووەکان، رووسیا، تورکیا و ئۆکرانیا لە ئیستانبوڵ رێککەوتننامەی هەناردە کردنی دانوێڵەیان لەڕێی دەریای رەشەوە واژوو کرد.
هەفتەی رابردووش کۆشکی کرملین کشانەوەی تاکلایەنەی لە رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵە راگەیاند و ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەگەر مەرجەکانیان جێبەجێ بکرێت ئامادەن بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتننامەکە.