بەرپرسێکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی لەیەمەن کوژرا

راوێژکاری بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای تەعز رایگەیاند، ئەنجامدەرانی ئەو هێرشەی کە سەرۆکی تیمی بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP)یان کوشت، دەستنیشانکراون.

یەحیا عەتوانی، راوێژکاری بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای تەعز رایگەیاند، دەزگا ئەمنییەکان بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن، کە موئەیەد حەمیدی، سەرۆکی تیمی بەرنامەی خۆراکی جیهانیان کوشتووە، جەختیشی لەوە کردەوە، کە دەزگا ئەمنییەکان پلانێکی بەهێزیان هەیە بۆ پاراستنی بەرپرسانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان،  نیگەرانی قووڵی خۆی دەربڕیووە سەبارەت بە کوشتنی یەکێک لە کارمەندە بیانییەکانی لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە لە یەمەن.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە راگەیەندراوەکێکدا رایگەیاند “موئەیەد حەمیدی، هاوڵاتییەکی ئوردنیە، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “حەمیدی، ماوەی 18 ساڵە بۆ ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی کاری کردووە، ئەرکەکانی پێشووی لە یەمەن و سودان و سووریا و عێراق بووە”.

لەوەتەی نیسانی 2018 ەوە، ئەمە دووەم بەرپرسی نێودەوڵەتییە کە لەشاری تەعز لە یەمەن تیرۆر بکرێت.