چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سعوودیە و تورکیا چەند رێککەوتنێکیان لە بواری وزە و بەرگریدا واژۆکرد

ئاژانسی هەواڵی سعوودیە بڵاویکردەوە، ریاز و ئەنقەرە ژمارەیەک رێککەوتنیان لە چەند بوارێکدا واژۆکردووە، لەوانە وزە، وەبەرهێنانی راستەوخۆ و بەرگری.

ئاژانسی هەواڵی سعوودیە رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە، ژمارەیەک رێککەوتنیان لەنێوان هەردوولا واژۆکرد.

شازادە خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگری سعوودیە لە تویتێکدا، ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردووەتەوە و دەڵیت: سعوودیە دوو گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای “بایکار”ی پیشەسازی بەرگری تورکیا واژۆکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، گرێبەستەکە بۆ کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە، کە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای هێزە چەکدارەکان و بەهێزکردنی توانای بەرگری و بەرهەمهێنانی سعوودیەیە.

خالید بن سەلمان گوتیشی: درەنگانی رۆژی دووشەممە، ئەردۆغان لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعوودیە کۆبووەتەوە و هەردوو وڵات پلانی هاوکاری بەرگرییان واژۆکردووە.

ئەردۆغان لە نێوان 17 بۆ 19ی تەمموزدا، سەردانی سعوودیە و قەتەر و ئیمارات دەکات، ئەمەش بەشێکی بە مەبەستی کۆکردنەوەی پارەی دەرەکییە کە ئابووری تورکیا بەرز دەکاتەوە.

رۆژی دووشەممە، داتاکان دەریانخستووە، کە کورتهێنانی بودجەی تورکیا لە مانگی حوزەیران بۆ 219.6 ملیار لیرە (8.37 ملیار دۆلار) بەرزبووەتەوە، کە حەوت هێندەی کورتهێنانی ساڵێک پێشترە.