به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ زیاتر له‌ 600 ملیۆن یۆرۆ زیان به‌ر كۆمپانیاكانی دابینكردنی فه‌ره‌نسی كه‌وتووه‌

كۆمپانیاكانی دابینكردن له‌ فه‌ره‌نسا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌و زیانه‌ی بۆ چاككردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌و وڵاته‌ لێیان كه‌وتووه‌ و ده‌بێت بیده‌ن، له‌ سه‌رووی 600 ملیۆن یۆرۆ ده‌بێت.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 11ـی ته‌ممووزی 2023) فلۆرانس لۆستمان، سه‌رۆكی یه‌كێتی كۆمپانیاكانی دابینكردنی فه‌ره‌نسی “فرانس ئۆسۆرۆ” له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاندووه‌، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی بۆ چاككردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌و وڵاته‌ لێیان كه‌وتووه‌ و ده‌بێت بیده‌ن، بریتییه‌ له‌ 650 ملیۆن یۆرۆ و نزیكه‌ی 90%ـی ئه‌و تێچووه‌یش په‌یوه‌ندی به‌ 3900 موڵكی پیشه‌گه‌ران و كۆمه‌ڵگه‌ ناوخۆییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی یه‌كێتی كۆمپانیاكانی دابینكردنی فه‌ره‌نسی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ 10%ـی ئه‌و زیانانه‌، زیانی تاكه‌كه‌سین و به‌ پله‌یه‌ك په‌یوه‌ندی به‌ ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانه‌وه‌ هه‌یه‌،

هه‌فته‌ی رابردوو یه‌كێتی كۆمپانیاكانی دابینكردنی فه‌ره‌نسی ئه‌و زیانانه‌ی به‌ نیوه‌ كه‌متر خه‌مڵاند و پێی وابوو بڕی ئه‌و زیانانه‌ ده‌گاته‌ 280 ملیۆن یۆرۆ. هه‌روه‌ها ئه‌و یه‌كێتییه‌ پێشتر ئاماری ئه‌و داواكارییانه‌ی راگه‌یاندبوو، كه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه‌كان پێشكه‌ش كرابوون و كۆی گشتییان بریتی بوو له‌ 11300 داواكاری.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه به‌گوێره‌ی وه‌زاره‌تی دادی فه‌ره‌نسی،‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی فه‌ره‌نسا زیاتر له‌ 3700 كه‌سیان راگرت به‌هۆی په‌یوه‌ندییان به‌ كرده‌وه‌ توندوتیژه‌كان، كه‌ 1160ـیان له‌ خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵیدان، هه‌روه‌ها له‌ راگیراوه‌كان، 400 كه‌س زیندانی كراون.

رۆژی (27ـی حوزه‌یرانی 2023) لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا گەنجێکی تەمەن 17 ساڵەی بە رەگەز جەزائیری بەناوی (نائل) لە کاتێکدا کە بە ئۆتۆمبێل هەوڵیدا لە پۆلیس هەڵبێت، لەلایەن پۆلیسێکەوە تەقەی لێکرا و کوژرا، دواتریش ڤیدیۆی رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە.

کوژرانی نائل ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە و زیاتر لە هەفتەیەک لە فەرەنسا خۆپیشاندان دژی ئەو رووداوە به‌رده‌وام بوو.