دانیشتنەکەی ئۆسلۆ لەنێوان تورکیا و پەكەكەدا چۆن لەبار برا؟

هه‌موو شتێك له‌ دانیشتنی ئۆسلۆوه‌ ده‌ستی پێكرد، ده‌كرێت بڵێین دانیشتنی ئۆسلۆ له‌ نێوان ده‌زگای هه‌واڵگریی توركیا (میت) و چه‌ند به‌رپرسێكی په‌كه‌كه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی حكوومه‌تی ئاكەپە بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد. به‌ڵام توركیا هه‌رگیز نه‌یویستووه‌ دانیشتنی ئۆسلۆ بۆ رای گشتی توركیا ئاشكرا بكات، به‌ڵكو دانیشتنه‌كان هه‌مووی به‌ نهێنی ئه‌نجام دراوه‌.

مراد قه‌ره‌یلان له‌ دیمانه‌یه‌كیدا بۆ ئاژانسی (فورات) ده‌ڵێت راسته‌ له‌ ساڵی 2008 یه‌كه‌م دانیشتن له‌ نێوان په‌كه‌كه‌ و میتی توركیا له‌ ئۆسلۆ ئه‌نجام درا، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌یش چه‌ند دانیشتنێكی دیكه‌ هه‌بووه‌ و پاشان له‌ ئۆسلۆ دانیشتنه‌كان بووەته‌ فه‌رمی.
په‌كه‌كه‌ و حكوومه‌تی ئاك پارتی پێنج جار له‌ ئۆسلۆ كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجام دا، به‌ڵام نه‌یانتوانی بگه‌نه‌ رێككه‌وتنی كۆتایی، هۆكاره‌كه‌یشی ئاشكراكردنی ئه‌و دانیشتنانه‌ بووه‌ له‌ لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی خزمه‌ت به‌ سه‌رۆكایه‌تیی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن.
ئه‌گه‌ر له‌ دانیشتنی ئۆسلۆدا حكوومه‌ت و په‌كه‌كه‌ نه‌گه‌یشتبێتنه‌ رێككه‌وتنی كۆتاییش، به‌ڵام توانرا زه‌مینه‌ ساز بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی كورد له‌ چوارچێوه‌ی پرسی چاره‌سه‌ریدا چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆیه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان كه‌ ئه‌وكات سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا بوو رێگه‌ی دا به‌رپرسانی (میت) راسته‌وخۆ بچنه‌ ئیمیراڵی و رۆڵی ئۆجه‌لان له‌و پرسه‌دا به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت.
ئه‌گه‌ر به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ بێت كه‌ (ئیبراهیم ئونال) له‌ كتێبی (دانیشتنەکەی ئۆسلۆ)دا ئاشكرای كردووه‌، له‌ دانیشتنه‌كانی ئۆسلۆدا چه‌ندین جار نامه‌ی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان سه‌رۆكی زیندانیكراوی په‌كه‌كه‌ خوێنراوه‌ته‌وه‌ و پێشنیاره‌كانی ئه‌و بوه‌ته‌ بنه‌مای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد، به‌ڵام له‌ دوای كۆتایی هاتنی ئه‌و دانیشتنه‌ی ئۆسلۆیش ئه‌ردۆگان هه‌ر به‌ پێویستی زانیوه‌ له‌ ده‌رگای ئیمیڕاڵی بدرێته‌وه‌.
له‌ قۆناغی پرسی چاره‌سه‌ریدا لیژنه‌یه‌ك پێكهات له‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا به‌ كورد و تورك و هونه‌رمه‌ند و ئه‌كادیمسیان و مامۆستای زانكۆ و كه‌سایه‌تی به‌ناوبانگ كه‌ ناوی (پیاوه‌ عاقڵه‌كانیان) لێنا و ماوه‌ی ساڵێك كاری له‌سه‌ر چۆنییه‌تی چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد كرد. ئونال ئاماژه‌ی داوه‌ كه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌سه‌ر پێشنیاری ئۆجه‌لان دامه‌زرا و ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌ ئه‌ندامی ئه‌و لیژنه‌یه‌ كه‌ له‌ 63 كه‌س پێك هاتبوون هه‌ر ئۆجه‌لان داینابوو.
ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌ كۆتاییدا راپۆرتی خۆیان له‌ باره‌ی چۆنییه‌تی چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد له‌ توركیا خسته‌ روو. ئه‌وان له‌ راپۆرته‌كه‌دا چه‌ند خاڵێكیان ئاماژه‌ بۆ كردبوو به‌وه‌ی ئیدی له‌ توركیا ته‌نیا باس له‌ نه‌ته‌وه‌ی تورك نه‌كرێت، به‌ڵكو ده‌بێت كوردیش له‌ پاڵ تورك ناوی بهێنرێت. هه‌روه‌ها داوای لادانی چه‌ند دروشمێكی توركییان كردبوو وه‌كو (چه‌ند به‌خته‌وه‌ره‌ ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ڵێت من توركم، توركیا بۆ توركه‌كانه‌) و چه‌ند دروشمێكی دیكه‌یش.
ئه‌وه‌ی گرنگ بوو له‌و راپۆرته‌دا داوایان له‌ حكوومه‌تی توركیا كرد به‌ فه‌رمی داوای لێبوردن له‌ كۆمه‌ڵكوژی ده‌رسێم بكه‌ن كه‌ له‌ ساڵی 1938 سوپای توركیا به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی ده‌رسێم ئه‌نجامیدا و ته‌واوی راپۆرته‌كه‌ داننان بوو به‌وه‌ی پێویسته‌ ماف بۆ كوردانی باكوور بگه‌ڕێته‌وه‌.
كاتێك باس له‌ رێككه‌وتنی ئۆسلۆ ده‌كرێت ناكرێت ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ باس نه‌كرێت له‌ په‌كه‌كه‌ و حكوومه‌تی توركیا كه‌ له‌و رێككه‌وتنه‌دا به‌شداربوونه‌.
هاكان فیدان وه‌كو نوێنه‌ری ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆگان به‌شداربوه‌ كه‌ ئه‌وكات جێگری راوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیران بوه‌، موسته‌فا كه‌ره‌سۆ ئه‌ندامی كه‌جه‌كه‌، زوبه‌یر ئایدار جێگری سه‌رۆكی كۆنگره‌ی گه‌لی كوردستان، هه‌روه‌ها سه‌بری ئۆك وه‌كو نوێنه‌ری په‌كه‌كه‌.
مه‌تنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی ئاماده‌كرابوو بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆی له‌سه‌ر بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له‌ لایه‌ن عه‌بدڵڵا ئۆجه‌لانه‌وه‌ ئاماده‌ كرابوو، به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی 2011 كاتێك نێوانی گوله‌ن و ئه‌ردۆگان به‌ره‌و ناخۆشی رۆیشت، ئیدی دانیشتنی ئۆسلۆ دزه‌ی كرده‌ ناو میدیاكانی توركیا و توركه‌ ره‌گه‌زپه‌رسته‌كان به‌ توندی هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ حكوومه‌ت كرد به‌وه‌ی چۆن له‌گه‌ڵ تیرۆرستدا گفتوگۆ ده‌كه‌ن له‌ كاتێكدا زیاتر له‌ 15 هه‌زار سه‌ربازی توركیان كوشتوه‌. نابێت بیرمان بچێت فه‌تحوڵڵا گوله‌ن یه‌كێك بوه‌ له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی به‌ ئاشكرا دژایه‌تی خۆی بۆ پرسی چاره‌سه‌ری ده‌ربڕیبوو، هه‌ربۆیه‌ دانیشتنی ئۆسلۆی ئاشكرا كرد.
موراد قه‌ره‌یلان له‌ دیمانه‌یه‌كیدا بۆ ئاژانسی فورات فه‌تحوڵڵا گوله‌نی تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی نهێنی دانیشتنی ئۆسلۆی به‌ میدیاكانداوه‌ و مه‌به‌ستی بوه‌ پرسی چاره‌سه‌ری له‌ناو ببات. جگه‌ له‌ویش ئه‌ردۆگان له‌ دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی NTV له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی دانیشتنی ئۆسلۆیان له‌ رای شگتی توركیا شاردوه‌ته‌وه‌ گوتی: “من راوێژكاری میتم بۆ ئۆسلۆ و ئیمیرالی نارد، پاشان كاتێك هاكان فیدان بوو به‌ راوێژكاری میت به‌ هه‌مان شێوه‌ بۆ لای ئۆجه‌لانم نارد له‌ ئیمیڕالی و ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ به‌ تۆماركراوی هه‌مووی له‌ لای حكوومه‌تن. له‌و روه‌وه‌ ئه‌وه‌ی گرنگترین ده‌زگایه‌ له‌ لای حكوومه‌ت ده‌زگای میته‌ و ده‌بێت ئه‌وان به‌و كاره‌ هه‌ستن، له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دنیایش ده‌زگای میت ئه‌و ئه‌ركه‌ ده‌بینێت. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ر وڵاتێكی دنیا تیرۆر بوونی هه‌بێت ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ و پاراستنی ئاساییشی وڵات ده‌كات ده‌زگای هه‌واڵگرییه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ كردوومانه‌ هه‌ڵه‌ نییه‌”.
ده‌كرێت بڵێم دانیشتنی ئۆسلۆ و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای ئیمیڕالی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پرسی چاره‌سه‌ری ئۆجه‌لانیش رۆڵی هه‌بێت به‌ یه‌كترییه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌، واته‌ به‌رهه‌می دانیشتنی ئۆسلۆ بوو وای كرد ده‌رگای ئیمیڕالی بكرێته‌وه‌ و چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی هه‌ده‌په‌یش ئۆجه‌لان ببینن وه‌كو (ئیدریس بالوكان، سری سوره‌یا ئۆنده‌ر، په‌روین بولدان، سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش) كه‌ پاشان وه‌زاره‌تی دادی توركیا ئه‌و ناوانه‌ی كرد به‌ لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت و زۆرجار ده‌رگه‌ی ئیمیڕالی به‌ روودا ده‌كردنه‌وه‌.
ئیبراهیم ئونال له‌ كتێبی (دانیشتنی ئۆسلۆ)ـدا گفتوگۆی نێوان چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی هه‌ده‌په‌ی له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان له‌ ئیمیڕالی ئاشكرا كردوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ته‌واوی گفتوگۆیه‌كه‌یه‌:
سری سوره‌یا ئۆنده‌ر: سه‌رۆك ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی سه‌ر به‌ خۆمان سه‌لامیان بۆت هه‌یه‌، هیچ شتێكت هه‌یه‌ باسی بكه‌یت؟
ئۆجه‌لان: من نامه‌وێت BDP و په‌كه‌كه‌ من به‌ كاربهێنن له‌و پڕۆسه‌یه‌دا، ئه‌گه‌ر بێت و پرسی چاره‌سه‌ری به‌ ناسه‌ركه‌وتوویی كۆتایی پێهات به‌رپرسیاره‌تییه‌كه‌ ناخه‌نه‌ ئه‌ستۆی من و بڵێن ئۆجه‌لان مرد.
سری سوره‌یا ئۆنده‌ر: چیت هه‌یه‌ بۆ رۆژئاوا تا من پێیان بگه‌یه‌نم؟
ئۆجه‌لان: كوردانی رۆژئاوا پێویسته‌ به‌ 2 ئاراسته‌دا بڕۆن، یه‌كه‌میان كێ ده‌یه‌وێت له‌ به‌ره‌ی گه‌ل بێت و له‌گه‌ڵ ئه‌واندا كار بكات ده‌بێت رێگه‌یان بده‌ن ده‌كرێ ناوی لێ بنرێت (به‌ره‌ی رزگاری دیموكراتی سووریا). سه‌له‌فییه‌كانی سعودیا زۆر مه‌ترسین، ئه‌سه‌دیش بۆژیوازییه‌كی بچووكی دیكاتۆره‌، بۆیه‌ ئاراسته‌ی دوووه‌م پێویسته‌ هێزێكی چه‌كداری دروست بكه‌ن تا خۆیان خۆیان بپارێزن و خاكه‌كه‌یان بپارێزن.
سری سوره‌یا: به‌ڕێز سه‌رۆك قه‌ندیل ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر هه‌ردولایش رێكبكه‌وین له‌سه‌ر ئاگربه‌ست ئه‌و ماوه‌یه‌ نزیكه‌ی 2 ساڵی پێویسته‌.
ئۆجه‌لان: په‌كه‌كه‌یش له‌ من تێناگات، ئه‌وان تاوه‌كو ئێستایش هه‌ر وه‌كو برا گه‌وره‌ و باوكێكی گه‌وره‌ له‌ من ده‌ڕوانن و ئازاره‌كانیان له‌گه‌ڵ مندا دابه‌ش ده‌كه‌ن. من داوام كردوه‌ شه‌ڕ كۆتایی پێبێت و له‌و روه‌وه‌شه‌وه‌ چه‌ند ماده‌یه‌كم ئاماده‌ كردوه‌ و بۆم ناردون. یه‌كه‌م به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی بڕواننه‌ پرسی ئاشتی و دیموكراتی كه‌ له‌ 10 ماده‌دا ئاماژه‌م بۆ كردوه‌، دووه‌م پلانی چاره‌سه‌ری دیموكراتیانه‌ و له‌وه‌یشدا له‌ 10 ماده‌دا پێشه‌كییه‌كم ئاماده‌ كردوه‌، سێیه‌میش پلانی كاكردنی ئاشتی و دیموكراتییه‌.
ئه‌م 9 خاڵه‌ی خواره‌وه‌ ئه‌و مه‌تنه‌ بووه‌ كه‌ هه‌ردوو لا گفتوگۆیان له‌ باره‌وه‌ كردوه‌ تا بتوانن له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتن و خاڵی كۆتایی.

  1. ده‌بێت هه‌ردوو لا ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌ ئۆسلۆ له‌ نێوان حكوومه‌تی توركیا و په‌كه‌كه‌دا كراوه‌ پارێزگاری لێ بكه‌ن.
  2. هه‌ردوو لایه‌ن له‌ دانوستاندنی نێوان ئیمیرالی و ئۆسلۆدا بۆ ئه‌وه‌ی پرسی چاره‌سه‌ری یاخود چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد به‌ یاسایی بكرێت، پێویسته‌ به‌رده‌وامی به‌ دانیشتنه‌كان بدرێت و چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی وه‌ربگرێت.
  3. له‌ 10ی مایسی 2011 دا كاتێك هه‌ردوو لایه‌ن چاویان به‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان كه‌وت و له‌وێ ئۆجه‌لان پاكێجێكی پێشكه‌ش كردن و له‌وێدا ئاماژه‌ی داوه‌ له‌ توركیا چاره‌سه‌رێكی دیموكراتییانه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بنه‌مایه‌كی گرنگه‌، هه‌روه‌ها پێویسته‌ توركیا په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگە به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتی و عادیلانه‌ بێت و كێشه‌ی كوردیش به‌ شێوه‌یه‌كی دیموكراتییانه‌ و ئاشتییه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ بچێته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌. هه‌روه‌ها تا به‌رواری مانگی حوزه‌یران هه‌ردوو لا ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ پێشنیار و تێبینییه‌كانیان بخه‌نه‌ روو و كوردیش به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ پێشوازی له‌ پێشنیاره‌كان ده‌كات و وه‌كو بنه‌ما و پره‌نسیپ قه‌بوڵی ده‌كات.
    4.هه‌ردوو لا پێویسته‌ له‌و ماوه‌یه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، كۆنسه‌ی ده‌ستووری، كۆنسه‌ی ئاشتی، لیژنه‌ی حه‌قیقه‌ت و عه‌داله‌ت پێكبهێنرێت و كار بكه‌ن له‌سه‌ر پاكێجێك‌ و پاشان دوا راپۆرت پێشكه‌ش بكه‌ن.
  4. له‌ لایه‌ن توركه‌وه‌ دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی، ئه‌و كۆنسه‌ و لیژنانه‌ی باسی لێوه‌ كراوه‌، پێویسته‌ بچنه‌ ئیمیراڵی و چاویان به‌ ئۆجه‌لان بكه‌وێت و ئیدی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ببه‌ستن بۆ كاركردن له‌سه‌ر لیژنه‌كه‌.
  5. هاووڵاتی سیاسی كورد و نوێنه‌ره‌ یاسایی و چاپه‌مه‌نی و ئۆرگانه‌كانی كوردی كه‌ پێشتر هێرشیان كراوه‌ته‌ سه‌ر رابگیرێت و ئیدی ده‌ستگیركردنی كورد رابگیرێت. هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسییه‌ی كه‌جه‌كه‌ كۆتایی پێبێت و ئه‌وانه‌یشی ده‌ستگیر كراون ئازاد بكرێن، چونكه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ گرنگن بۆ به‌ره‌وپێشچوونی پرسه‌كه‌. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا یه‌كه‌م هه‌نگاو له‌ لایه‌نی توركیاوه‌ ئازادكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بێت كه‌ له‌ نه‌ورۆز و به‌ هۆكاری ئایدۆلۆژیای سیاسیدا ده‌ستگیركراون.
  6. هه‌ردوو لا كۆك بن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی پاك ئه‌نجام بدرێت و بارودۆخێكی گونجاو دروست بكه‌ن بۆ ئاساییبوونه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ و له‌و روه‌شه‌وه‌ رای گشتی توركیا ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ و باس له‌و ئاشتییه‌ی نێوانیان بكه‌ن.
  7. بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری كۆتایی پێویسته‌ زه‌مینه‌سازی بكرێت تا هه‌موو ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی و شه‌ڕی پارتیزانی رابگیرێت، بۆ ئه‌مه‌شیان تا 15ی حوزه‌یرانی ساڵی 2011 هه‌موو شه‌ڕ و ئۆپه‌راسیۆنێك رابگیرێت.
  8. هه‌ردوو لایه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هێز بده‌نه‌ به‌ر رێكه‌وتنی نێوانیان، تا حوزه‌یرانی ساڵی 2011 خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن و پاشان دانیشتنی دیكه‌ ئه‌نجام بدرێت.
    ئه‌گه‌ر دانیشتنی ئۆسلۆ له‌ نێوان په‌كه‌كه‌ و حكوومه‌تی توركیا ئامانجیشی نه‌بێت، به‌ڵام رێگه‌ی خۆش كرد ئه‌مجاره‌یان هه‌ردوو لا هه‌ده‌په‌ و حكوومه‌ت له‌ ده‌رگه‌ی ئیمڕاڵی بده‌ن و له‌وێوه‌ درێژه‌ به‌ پرسی چاره‌سه‌ری بدرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ باس بكرێت ئۆجه‌لان له‌ كاتی كۆبوونه‌وه‌ی دا له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی هه‌ده‌په‌ به‌ ئاشكرا گوتویه‌تی له‌سه‌ر سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی له‌ توركیا كه‌له‌ڕه‌ق مه‌بن و پێشوازی لێ بكه‌ن.
    له‌ 28ی شوباتی ساڵی 2013 سری سوریا ئۆنده‌ر له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا له‌ ئیمیڕاڵی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی خسته‌ روو به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌.
    به‌ گوێره‌ی گوته‌ی ئۆنده‌ربێت ئۆجه‌لان گوتویه‌تی له‌ باره‌ی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ بیر ده‌كه‌ینه‌وه‌ و گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر كرا پاڵپشتی له‌ ئه‌ردۆگان ده‌كه‌ین له‌و روه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئاكپارتی ده‌چنه‌ ناو سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌.
    ئۆجه‌لان له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ چه‌ك دابنێت و ئیدی ئاشتی جێگه‌ی چه‌ك بگرێته‌وه‌ گوتویه‌تی: “یه‌كلایه‌نانه‌ كشانه‌وه‌ و چه‌ك فڕێدان نابێت، به‌ڵكو ده‌بێت له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ بدرێت، واته‌ دانانی چه‌ك له‌ لایه‌ن گه‌ریلاوه‌ یاخود كشانه‌وه‌ی گه‌ریلا له‌ باكوور پێویستی به‌ بڕیارێكی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی توركیاوه‌ هه‌یه‌. هه‌روه‌ها كشانه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ به‌ مانای بچووككردنه‌وه‌ی گه‌ریلا نایه‌ت، به‌ڵكو ده‌توانین زیاتر گه‌وره‌ی بكه‌ین”.
    له‌ دانیشتنی ئۆسلۆ و دانیشتنی حكوومه‌تی توركیا و هه‌ده‌په‌ له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان له‌ ئیمیڕاڵی باس له‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردیش كراوه‌، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ داوای ده‌وڵه‌تی كوردی نه‌كات ئه‌وكات هه‌نگاو به‌ره‌و پرسی چاره‌سه‌ری ده‌نرێت. دیاره‌ ئۆجه‌لانیش له‌ ئیمیڕاڵی پێی باش نه‌بوه‌ له‌ ئێستادا داوای ده‌وڵه‌تی كوردی بكرێت.
    هه‌ر له‌و دیداره‌ی ئۆنده‌ر له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لاندا ئه‌و پرسیاره‌ی لێكردوه‌ و، ئۆجه‌لانیش گوتویه‌تی له‌ ئێستا ناكرێت باسی ده‌وڵه‌تی كوردی بكه‌ین، ره‌نگه‌ وەختێک دابێ بتوانین باسی بكه‌ین چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا ئه‌و پرسه‌ بهێنینه‌ به‌رباس ناتوانین به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌رگای ئاشتی و چاره‌سه‌ری به‌ رووی یه‌كتریدا بكه‌ینه‌وه‌.