سوید: یاسایەک دەربکەن سووتانی کتێبە پیرۆزەکان بە نایاسایی بناسێنن

گونار سترۆمەر، وەزیری دادی سوید، رایگەیاند، “دەمانەوێت یاسایەک دەربکەین، کە سوتاندنی کتێبە پیرۆزەکان بە نایاسایی بناسێنین”.

ئەمڕۆ شەممە (8ـی تەمموزی 2023)، گونار سترۆمەر، وەزیری دادی سوید، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، سوتاندنی قورئان لە ستۆکهۆڵم کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایشی ناوخۆی سوید هەبووە، هەربۆیە بیر لە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسایەک دەکەنەوە سوتاندنی قورئان و کتێبە پیرۆزەکان بە نایاسایی بناسێنێت.

وەزیری دادی سوید ئاماژەی بەوەشدا، وڵاتەکە بووە بە ئاماجنێکی سەرەکی هێرشەکان و لەماوەی رابردووشدا پۆلیس چەندان داوای خەڵکی بۆ سوتاندنی قورئان لە شوێنە گشتییەکاندا رەتکردووەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بەناوى (سەلوان مۆمیکا) لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم، کۆپییەکی “قورئانی پیرۆز”ی سووتاند.

سووتاندنی ئەو کۆپییەی قورئان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.

دوای ئەو رووداوە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 29ی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی سوێدی لە بەغدا بانگهێشتکرد و “نامەیەکی تووندی ناڕەزایەتی” پێدا بەهۆی “مۆڵەتدانی دەسەڵاتدارانی شاری ستۆکهۆڵم بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن ئەو پەنابەرە عێراقییەوە.”

هەڵوێستەکەی ئەو پەنابەرە عێراقیە، لە عێراق و وڵاتانی دیکە کاردانەوەی تووندی بەدوادا هات، لە سەرکۆنەکردن و بانگکردنی باڵیۆزانی سوید بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی بینیەوە، بەڵام لە عێراق تووندترین هەڵوێست روویدا و خۆپیشاندەران ئێوارەی پێنجشەممە چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا.