پارێزگاری ئیستانبوڵ نێرگەلەکێشانی لە شوێنە گەشتییەکانی ئەو شارە قەدەغەکرد. بڕیارەکە ئەو رێستۆرانت و کافێیانە ناگرێتەوە کە مۆڵەتی پێشکەشکردنی نێرگەلەیان هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی تەممووزی 2023، داود گول، پارێزگاری ئیستانبوڵ لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە، کێشان، فرۆشتن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری نێرگەلە لە شوێن و پارکە گشتییەکانی ئیستانبوڵ قەدەغەدەکرێت.
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی پارێزگاری ئیستانبوڵدا هاتووە، هۆکاری بڕیارەکە بۆ رێگریکردن لە سووتانی دارستانەکان، بێزارکردنی خەڵک لە شوێن و پارکە گشتییەکان و نەهێشتنی دیمەنی نەخوازراو لە کەنار ئاوەکان دەگەڕێتەوە.
هاوکات پارێزگاری ئیستانبوڵ راشیگەیاندووە، بڕیارەکە ئەو رێستۆرانت و کافێیانە ناگرێتەوە کە مۆڵەتی پێشکەشکردنی نێرگەلەیان هەیە.
کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردن، زیادبوونی خەستیی خوێن و لێدانی جەڵتەی دڵ و مێشک لە کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی جگەرە و نێرگەلەن. بەپێی ئاماری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە هەشت ملیۆن کەس بەهۆی بەکارهێنانی جۆرەکانی تووتنەوە گیان لەدەستدەدەن.