وەزیری بەرگریی رووسیا، بە ئاماژەدان بەوەی کە یاخیبوونی چەکداریی گرووپی ڤاگنەر کاریگەری نەکردووەتە سەر کارەکانی یەکە سەربازییەکانی رووسیا، ههروهها گوتی: “سەربازانمان بوێرانە و لەخۆبوردوانە بەردەوامییان داوە بەو ئەرکانەی كه پێیان سپێردراوه”.
سێرگی شوێگۆ وەزیری بەرگریی رووسیا، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە سەربازییەکانی وڵاتەکەی، بۆ یەکەمجار لەبارەی یاخیبوونی چەکداریی مانگی رابردووی گرووپی ڤاگنەرەوە دوا.
وەزیری بەرگریی رووسیا، یاخیبوونی گرووپی ڤاگنهری بە هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیریی رووسیا لهقهڵهمدا و گوتی: “بەهۆی پابەندبوونی سەربازانی سوپای رووسیا بەو سوێندەی خواردوویانە و ناپاکی لە بەهاکانیان ناكهن، بۆیه ئەم جۆرە پلانانە سەرکەوتن بەدەست ناهێنێ، ههروهها کاریگەری نەکردە سەر کارەکانی یەکە سەربازییەکانی رووسیا. سەربازانمان بوێرانە و لەخۆبوردوییانە بەردەوامییان داوە بەو ئەرکانەی پێیان سپێردراون”.
جیا لهوهش شویگو سوپاسی تەواوی سەربازانی رووسیای کرد.
وەزیری بەرگریی رووسیا سەرنجی خستە سەر بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ئۆکرانیا و گوتی: “توانای ئەنجامدانی هێرشی ئۆکرانیا کەمبووەتەوە. هێرشەکانی ئۆکرانیا بە ئاراستەی دۆنێتسک و زاپۆریژییا شکستیان پێ هێندراوە و 15 فڕۆکە، سێ هێلیکۆپتەر و 16 تانکی لیۆپاردیان تێکشکێندراون”.
لە (5ـی ئایاری 2023)، یێڤگینی پریگۆژین لە لێدوانێکدا هۆشداریدا لە کشانەوەی چەکدارەکانی باخمۆت بەهۆی پێنەدانی چەک و تەقەمەنی لەلایەن وەزارەتی بەرگریی رووسیاوە و رایگەیاند، بەرپرسانی سەربازی مۆسکۆ پشتیوانی لە گرووپەکەی ناکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوە یەکەم لێدوانی سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر نەبوو دژ بە مۆسکۆ، بەڵکو بۆ یەکەمینجار لە (21ـت شوباتی 2023) لە هەڵوێستێکی چاوەڕواننەکراودا ئاماژەی بەوەکرد، وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی سوپای رووسیا هەوڵی وێرانکردنی گرووپەکەی دەدەن.
هەروەها لە (5ـی ئایاری 2023) لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا کە بڵاوبوونەوەی دیمەنەکانی دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، رێگریکردنی پۆلیسی سەربازی رووسیا بوو لە ژمارەیەک خۆبەخش بە پەیوەندیکردن بە گرووپی ڤاگنەرەوە بە مەبەستی شەڕکردن لە ئۆکرانیا.
لە (12ـی ئایاری 2023)ـشدا، یێڤگینی پریگۆژین ئاماژەی بە شکستەکانی سوپای رووسیا کرد و رایگەیاند، سەربازانی سوپای رووسیا لە باخمۆت هەڵدێن و لە (24ـی ئایاری 2023)ـش رایگەیاند، رووسیا رووبەڕووی شۆڕشێکی هاوشێوەی ساڵی 1917 دەبێتەوە و لە جەنگ دەدۆڕێت.