کۆنگرێس داوای زانیارییەکانی دۆسیەی رۆب مالی دەکات

کاردانەوەکانی راگرتنی، رۆبەرت مالی، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، لە ئەمەریکا و ئێراندا پەرەی سەندووە، هەروەها سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، نامەیەکی بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن، ناردووە و داوای زانیاری زیاتری کردووە، سەبارەت بە ئەگەری خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ بەڵگەنامە نهێنییەکان.

مایکل مەککۆڵ، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، داوای دەرکەوتنی ئەبرام پال، نوێنەری تایبەتی ئێران بە وەکالەت و برێت مەکگۆرک رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کردووە، بۆ ئەوەی تا کۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵ زانیاری نهێنی پێشکەش بە لیژنەکە بکەن.

مەککۆل گوتیشی: راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نێردەی تایبەتی ئێران، رۆبەرت مالی، دوای راگرتنی مۆڵەتی ئەمنی، خراوەتە مۆڵەتی بێ مووچەییەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری مامەڵەکردن بە بەڵگەنامە نهێنییەکان دەکرێت، سەبارەت بە هەڵسوکەوتی مالی، ئایا وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس و خەڵکی ئەمەریکای بەلاڕێدا بردووە یان نا.

لە بەرامبەردا مارکۆ روبیو سیناتۆری کۆمارییەکان لە تویتێکدا لە تویتەر نووسیویەتی “ئەم دۆخەی لەگەڵ مالیدا هەیە لە هەموو شتێک گرنگترە بەلای کۆنگرێسەوە، بۆ ئەوەی کۆنگرێس بە وردی بزانێت، کاریگەری لەسەر ئەو رێکەوتنە نهێنییە هەیە کە لەگەڵ ئێران دا دەیکات”.

لە ئێران، هەواڵی راگرتنی مالی، لە نێو میدیاکانی حکومەت بڵاوبوویەوە، هاوکات شرۆڤەکاران و رۆژنامەکان پرسیاریان لەبارەی دانوستانەکان بە ئامانجی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان واشنتن و تاران وروژاند.

رۆژنامەی فەرمی حکوومەتی ئێران “ئێرنا”، بڵاویکردەوە، دەرچوونی رۆبەرت مالی لە ناو پێشهاتەکانی پەیوەست بە دانوستانەکان، بۆ ناکۆکییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە، هەروەها حکومەتی ئەمەریکا دەیەوێت بە پەراوێزخستنی هەندێک کەس، لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتن.

تا ئێستا هیچ لێدوانێک لە لایەن بەرپرسانی ئێرانی بەشدار لە دانوستانە ئەتۆمییەکان نەدراوە، بەڵام زۆربەی رۆژنامە و ماڵپەڕەکان راپۆرتە ئەمەریکییەکانیان لەسەر “ڕۆب مالی” بڵاوکردەوە، بە تایبەت تیشکییان خستە سەر رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، کە باسی رۆلی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە لە دانوستانەکانی چەند مانگی رابردوودا کردووە.

رۆژنامەی ئێران کە زمانحاڵی حکوومەتە، نووسیویەتی “ئەوەی روودەدات دەریدەخات کە ئەو رێگایەی پەیڕەو کراوە و ئەو تەحەددایانەی کە لە ئەنجامی رێگای دانوستاندنەکانی ڕۆب مالیەوە هاتوونەتە ئاراوە تا ئێستا زیانبەخش بوون بۆ ئیدارەی بایدن”.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە شکردووە، “شکستی سیناریۆی زۆرترین فشار بە هیوای پاشەکشەی تاران، بووە هۆی دابەزینی رۆڵی رۆب مالی لە کاتی دانوستانەکانی ئەم دواییەدا”، هەروەها ئاماژەی بە ئامادەبوونی برێت مەکگۆرک لە عەممان کردووە بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکان لەگەڵ سەرۆکی دانوستانکاری ئێران عەلی باقری کنی، هەروەها گۆڕینی رۆب مالی سەرسوڕهێنەر نیە.

ئاژانسی فەرمی ئێرنا رایگەیاندبوو، گۆڕانکارییەکەی رۆب مالی “پشتیوانی لەو ئەگەرە دەکات کە حکومەتی ئەمەریکا ناچارە هەندێک کەس سنووردار بکات بۆ بەدەستهێنانی رێککەوتن لەگەڵ ئێران”.

پێش ئەوەی هەواڵی راگرتنی ئەرکەکانی مالی دزە بکات، زانیاری هەبوو سەبارەت بە گفتوگۆ راستەوخۆ و نافەرمیەکانی نێوان ڕۆب مالی و سەعید ئیرۆنی باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە ئەگەری رێککەوتنێکی کاتی لە نێوان تاران و واشنتن بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان.

رۆژنامەی ئێرنا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەزموونەکان دەریانخستووە کە گۆڕانکارییەکانی تیمی دانوستانکاری ئەتۆمی ئەمەریکا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بووەتە هۆی باشتربوونی بارودۆخی دانوستانەکان.

ئاژانسەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە کە “گۆڕانکارییەکان لە تیمی دانوستانکاری ئەمەریکا، هاوکات لەگەڵ چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و دەرنەکردنی بڕیارنامەیەک کە ئێران لە کۆبوونەوەی چارەکی دەستەی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا ئیدانە بکات، دەتوانێت مانادار بێت”. و ئاماژەی بەوەشکردووە، “ڕاپۆرتەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا (سەبارەت بە ئەنجامدانی لێکتێگەیشتنێکی سنووردار) و بەستنی ڕۆب مالی، دەتوانن بنبەست لە دانوستانەکاندا بشکێنن.”

مستەفا خۆش جەشم، شرۆڤەکاری کاروباری نێودەوڵەتی و ستراتیژی دەڵێت: “ئەو لە کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان حکومەتی ئەمەریکا و کۆنگرێس بەشداری نەکرد، حکومەتیش رایگەیاند کە لە پشوودایە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بوون یان نەبوونی مالی ئاماژە بە هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی دانوستانەکانی ئەمریکادا ناکات، لەوانەیە وا دەرکەوێت کە کێشەیەکی ناوخۆیی ئەمەریکا بێت. دەشڵێت: “رۆب مالی هەستیاری پارتی کۆمارییەکان لە کۆنگرێسدا بەرز دەکاتەوە و هەر لەسەرەتاوە نەیاری هەبووە، بۆیە دەرفەتێکی گونجاویان بینی بۆ گۆڕینی”.