یەکێتی ئەوروپا وەبەرهێنان بە پارە بلۆککراوەکانی رووسیاوە دەکات

یەکێتی ئەوروپا لە دەستپێکی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیاوە نزیکەی 200 ملیار یۆرۆی رووسیای لە بانکەکانیدا بلۆک کردووە و ئێستا بە نیازە وەبەرهێنانی پێبکات و بە قازانجەکەی یارمەتی ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا بدات.

لەمبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا دەڵێت، قازانجی ساڵانەی پارە بلۆک کراوەکان دەگاتە زیاتر لە سێ ملیار یۆرۆ.

لەلای خۆیەوە، راوێژکاری ئەڵمانیا ئاشکرایکرد، لە ئێستادا هیچ پیشنیارێک ئامادە نییە، بەڵام سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاندووە، بەمزووانە بە وریاییەوە پێشنیاریان ئامادە دەبێت.

لە لوتکەی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا کە لە شاری برۆکسل بەرێوەچوو سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا، ئەلێکساندەر دی کرۆ رایگەیاندووە، یەکێتی ئەوروپا بەنیازە ئەو قازانجەی لە بەکارهێنانی سەروەت و سامانی بلۆککراوی رووسیا دەستی دەکەوێت، بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا بەکاریبهێنێت.

بە گوتەی ناوبراو، لایەنی ئەوروپی هیوادارە ساڵانە لانیکەم سێ ملیار یۆرۆی لە وەبەرهێنانی سەروەت و سامانی بلۆککراوی رووسیا دەستبکەوێت، دی کردۆ ئاماژەی بەوەشداوە کە لە  90%ی سەروەت و سامانی بلۆککراوی رووسیا لە بەلجیکایە و گرنگە ئەم سامانە رۆڵ بگێڕێت لە ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیادا.

سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا باسی لەوەش کرد پێویستە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە میکانیزمێکی یاسایی کەڵک لەو پارە بلۆکراوانە وەرگرن بەشێوەیەک زیان بە سەقامگیری دارایی یەکێتیی ئەوروپا نەگەیەنێت.

ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا لەمبارەیەوە جەختی لەوە کردەوە کە “هیچ پێشنیارێک لە ئێستادا ئامادە نییە بۆ کارکردن بەو پارە بلۆککراوانە” ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا ئەم بابەتە زۆر ئاڵۆزە و کەس نازانێت چی دەبێت.

ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپاش ئاماژەی بەوەداوە، کۆمیسیۆنەکە بەمزووانە بە وریاییەوە پێشنیارێک دەخاتە ڕوو سەبارەت بە ئامانجکردنی دەستکەوتەکانی سەروەت و سامانی بلۆککراوی  رووسیا.

راشیگەیاند، رووسیا ناتوانێت بەشێکی زۆری ژێرخانی ئۆکرانیا لەناوببات و بەشداریش نەکات ئاوەدانکردنەوەیدا.

وەک سزایەک بۆ سەر رووسیا  لە دەستپێکی جەنگی نێوان رووسیا و  ئۆکرانیاوە یەکێتی ئەوروپا نزیکەی 200 ملیار یۆڕۆی رووسیای لە بانکەکانیدا بلۆک کردووە.

مانگی ئابی ساڵی رابردوو سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا کۆمیسیۆنی ئەوروپایان راسپارد کە پێشنیارەکان بۆ بەکارهێنانی سامانی بلۆککراوی رووسیا بۆ دابینکردنی بودجە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا ئامادە بکات.

لە مانگی شوباتدا سەرچاوەیەک لە یەکێتی ئەوروپا بە روونی ئەوەی خستەڕوو کە برۆکسل بیر لە بەکارهێنانی سەروەت و سامانی بلۆککراوی رووسیا دەکاتەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا لە رێگەی وەبەرهێنانەوە.