وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و سعوودیە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی پەلامارە چەکدارییەکەی ئەم دواییەی سەر کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە جەددە دەکەن.
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ‘شازادە’ فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە ئەنجامدا.
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا تاوتوێی “داویین رووداوی تەقەکردن لە بەردەم کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە شاری جەددەی سعوودیە” کردووە.
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی وەزیری دەرەوەی سعوودیە کردووە بۆ ئەو پشتیوانییە بەردەوامەی لە دوای رووداوە تەقەکردنە بۆ نوێنەرە دیپلۆماسییەکانی واشنتن لە ریاز دەربڕیوە.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان هەردوو وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و سعوودیە لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە 28ی حوزەیرانی 2023 رووداوێکی تەقەکردن لە نزیک کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە جیددە روویدا، دوو کەس گیانیان لەدەست دا، یەکێکیان پاسەوانێک بوو و ئەوی دیکەیان پەلاماردەرەکە بوو.