کۆبوونەوەی چوارقۆڵی لەنێوان تورکیا و ناتۆ دەربارەی سوید بەڕێوەدەچێت

کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان تورکیا و سوید و فینلاندا لە ئەنقەرە بە بەشداریی هاوپەیمانی ناتۆ سەبارەت بە پەیوەندیکردنی سوید بە هاوپەیمانیێتیەکە بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ی حوزەیرانی 2023، بۆ تاوتوێکردنی هەڵوێستی تورکیا سەبارەت بە پەیوەندیکردنی سوید بە هاوپەیمانیێتی ناتۆ، کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان تورکیا و سوید و فینلاند لە ئەنقەرە بە بەشداری هاوپەیمانی ناتۆ بەڕێوەدەچێت.

ئەمە چوارەمین کۆبوونەوەی ئەو سێ وڵاتەیە، کە لە 28 حوزەیرانی ساڵی رابردوو، بەپێی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی سێ قۆڵی دامەزراوە.

 بەشی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری تورکیا، ئاکیف چاگاتای کیلیچ، نوێنەرایەتی تورکیا دەکات لە کۆبوونەوەکەدا، هاوکات ستیان جێنسن، بەڕێوەبەری ئۆفیسی تایبەتی سکرتێری گشتی هاوپەیمانییەکە، نوێنەرایەتی ناتۆ دەکات، هەروەها جان نوتسۆن، سکرتێری وەزیری دەرەوە نوێنەرایەتی سوید دەکات لەگەڵ هاوتا فینلەندییەکەی، جوکا سالۆڤارا.

یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ، داوا دەکات ئەنقەرە پشتگیری لە داواکارییەکەی سوید بکات، دەشڵێت:  پەیامی من ئەوەیە کە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ بۆ ئەو سودمەندە، هەروەک چۆن بۆ وڵاتانی ئەسکەندەنافیا و ناوچەی باڵتیک، هەروەها بۆ ناتۆ و تورکیا و هاوپەیمانەکانی دیکەش سوودبەخشە.

 ئاماژەی بەوەشکرد، سوید یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری دەرکردووە، کە پێشتر لە یەکەمی مانگی حوزەیرانەوە کەوتبووە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها “ئەم یاسایانە بەڕاستی جیاوازی دروست دەکەن، بەو پێیەی نیشان دەدەن کە ئێستا سوید هەنگاوی نوێ دەنێت بۆ چڕکردنەوەی شەڕی دژی تیرۆر.

 لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوودا تورکیا داواکاری فینلاند بۆ بوونە ئەندامی ناتۆ پەسەندکرد، لەکاتێکدا هێشتا رەخنەی لەبارەی پەیوەستبوونی سویدەوە هەبوو و داوایکرد هاوکاری بکات و هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت لە بابەتی رادەستکردنەوەی کەسانی داواکراو بە دەسەڵاتی دادوەری تورکیا بە تۆمەتی تیرۆر.

سوید باس لەوە دەکات کە بە پێی یاداشتە سێ قۆڵییەکان ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و یاسایەکی دژە تیرۆری هاوشێوەی ئەو یاسایەی کە فینلاند پەسەندی کردووە دەرکردووە، بەو پێیەش تورکیا بە داواکارییەکەی رازی بووە، سوید داوای لە تورکیا و هەنگاریا کرد بەبێ دواکەوتن بە داواکارییەکە ڕازی بن.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، حکومەتی سوید رەزامەندی دەربڕی لەسەر رادەستکردنی یەکێک لە هاووڵاتییەکانی بە تورکیا، کە بە تاوانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و پشتیوانیکردن لە پارتی کرێکارانی کوردستان  سزا درابوو، ئەمەش وەک یەکەمین پێشینە بوو بۆ رازی کردنی تورکیا.

رەزامەندی حکومەت سوید لەسەر داوای رادەستکردنەوەی ئەو کەسە دوای ئەوە هات، کە دەسەڵاتی دادوەری لە سوید رەزامەندی دەربڕی لەسەر رادەستکردنەوەی ئەو هاووڵاتییە تورکییە تەمەن 35 ساڵە، کە ئەنقەرە دەیەوێت بە تاوانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان سزای زیندانی بەسەر دا بسەپێنێت.

تورکیا داوا لە سوید دەکات دەیان لایەنگری پەکەکە کە لەسەر خاکی وڵاتەکەی نیشتەجێن، رادەست بکاتەوە، بەڵام حکومەتەکەی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بابەتەکە پەیوەستە بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لە گرنگی دەربڕینی نیگەرانییەکانی هەر ئەندامێکی ناتۆ کرد سەبارەت بە فراوانبوونی هاوپەیمانییەکە، ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا توانی هەندێک لە نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بە ئەندامێتی سوید و فینلاند دەرببڕێت.

بلینکن دەشڵێت، هەردوو وڵات هەنگاوی پێویستیان ناوە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی تورکیا، هەروەها هاوپەیمانەکانی دیکەی ناتۆ و ئەمەریکا ئێستا دەبینن کە پێویستە سوید بە فەرمی بخرێتە ناو ناتۆەوە.