رێکخراوی یونسکۆ: ئەمەریکا پلانی هەیە مانگی داهاتوو بگەڕێتەوە ناو رێکخراوەکە

رێکخراوی پەروەردەیی و زانستی و رۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەمەریکا بەنیازە جارێکی دیکە پەیوەندی پێوە بکات، لە مانگی تەمموزەوە دەستپێبکاتەوە، بۆ ئەوەی لاپەڕەکە لەسەر ناکۆکییەکی دە ساڵە لەگەڵ ئەو دەزگایە هەڵبگێڕێتەوە کە واشنتن لە ساڵی 2018 لێی کشایەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، ئۆدری ئازولای، بەڕێوەبەری گشتیی یونسکۆ، هاوکات نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی ئەو دەستەیە لە پاریس لە بڕیاری گەڕانەوەی واشنتن ئاگادارکردەوە و گوتی: هەنگاوێکی بەهێزە کە رەنگدانەوەی متمانەیە بە یونسکۆ.

ئەمەریکا ئەندامی دامەزرێنەری یونسکۆیە و یەکێک بوو لە گرنگترین بەشداربووانی بودجەی رێکخراوەکە تا ساڵی 2011، کاتێک رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەندامێتی تەواوی فەلەستینی بە فەلەستین بەخشی، ئەمەش بووە هۆی وەستاندنی بەشداریکردنەکان بەپێی یاسای ئەمەریکا.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ساڵی 2017 رایگەیاند، کە ئەمەریکا هاوشانی ئیسرائیل لە یونسکۆ دەکشێتەوە و ئەو دەستەیەی بە لایەنگری فەڵەستین تۆمەتبار کرد، بڕیاری کشانەوەکەش لە ساڵی 2018 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئازۆلای، وەزیری پێشووی ڕۆشنبیری فەرەنسا کە لە ساڵی 2017ەوە، یونسکۆ بەڕێوە دەبات، هێنانەوەی ئەمریکای کردە ئەولەویەتی خۆی.

لە نامەیەکدا بۆ ئازۆلا کە لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێسەوە بڵاوکراوەتەوە، ڕیچارد ڤێرما یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کارگێڕی و سەرچاوەکان رایگەیاندووە، واشنتن هەستدەکات کە ئازۆلای لە پرسگەلێکی گرنگدا پێشکەوتنی بەدەستهێناوە، لەنێویاندا لابردنی گرنگیدان بە گفتوگۆ سیاسییەکان.

پێش ئەوەی بەشدارییەکانی لە ساڵی 2011 رابگیرێت، ئەمەریکا نزیکەی لەسەدا 22ی بودجەی یونسکۆی دەدا کە دەکاتە 75 ملیۆن دۆلار.

لە مانگی ئاداردا ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، نەبوونی ئەمەریکا لە یونسکۆدا بوار بۆ چین دەهێڵێتەوە بۆ داڕشتنی ئەو رێسایانەی پەیوەستن بە زیرەکی دەستکردەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 1984 لە یونسکۆ کشایەوە و دوای نزیکەی 20 ساڵ دوورکەوتنەوە، لە مانگی ئۆکتۆبەری 2003 گەڕایەوە ناو رێکخراوەکە.

پلانی پێشنیارکراوی گەڕانەوە بۆ ڕێکخراوەکە لە ساڵی 2023 ئێستا دەبێت پێشکەش بە کۆنفرانسی گشتی وڵاتانی ئەندامی یونسکۆ بکرێت بۆ پەسەندکردنی کۆتایی.