ئێران و ئەمەریکا لە نیویۆرک دانوستان دەکەن

نوینەرێکی ئێران، دانوستاندنە راستەوخۆ و نافەرمییەکانی نێوان بەرپرسانی ئێران و ئەمەریکای لە نیویۆرک پشتڕاستکردەوە، لە هەمان کاتدا ئیدارەی جۆو بایدنی تۆمەتبارکرد بەوەی کە رێگری لە رێککەوتنەکە دەکات.

موجتەبا توانگەر، نوێنەری شاری تاران گوتی: دانوستاندنی راستەوخۆ و نافەرمی لەنێوان بەرپرسانی ئێران و ئەمەریکا ئەنجامدراوە، ئەمەش دوو رۆژ دوای رەتکردنەوەی ئەو هەواڵانەی ئەمەریکا و ئێران دێت، کە باس لەوە دەکەن هەردوولا خەریکە بگەنە رێککەوتنێکی کاتی، بەو پێیەش تاران پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی 60% کەم دەکاتەوە، بەرامبەر بە سووککردنی سزاکان.

توانگەر، لە تویتێکدا گوتی: هەرچەندە دانوستانەکان لە نیویۆرک ئەنجامدراون، بەڵام بەهۆی رێگرییەکانی ئەمەریکاوە هیچ رێککەوتنێک نییە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا هەوڵدەدات ئیمتیازاتی ئەتۆمی لە ئێران وەربگرێت، لە بەرامبەر ئازادکردنی سەروەت و سامانە بلۆککراوەکانی و ئەم بابەتە پێچەوانەی یاسا و بەرژەوەندییەکانی ئێرانە.

نوێنەرەکەی تاران، جەختی لەوەکردەوە، “ئەمەریکا بەدوای ئەوەدایە ئێران بۆ دانوستانی راستەوخۆی فەرمی رابکێشێت”، هەروەها حکومەتی ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بەوەی “جددی نییە لە ئاڵوگۆڕی دیلەکان، بەرامبەر بە پیتاندنی یۆرانیۆمەوە”، هەروەها ئامانج لە وروژاندنی میدیاکان لە ئێستادا شۆککردنی بازاڕەکانە.

نید پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رەتیکردبووەوە، هیچ لێدوانێک سەبارەت بە دانوستانەکانی کۆبوونەوەی راپۆرتکراوی “ڕۆبەرت مالی” نوێنەری ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران و “سەعید ئەروانی” باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بدات.

پرایس تەنیا باسی لەوە کرد، کە رێگا هەیە بۆ گواستنەوەی پەیامەکان بۆ ئێران، بەڵام وردەکاری لەبارەی ناوەڕۆکەکانیان و چۆنیەتی گواستنەوەیانی نەخستەڕوو، هەروەها دوو بەرپرسی ئێرانی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان راگەیاند، پێشکەوتن بەدیهاتووە، بەڵام هیچ رێککەوتنێک لە ئارادا نییە.

 بەرپرسێکی دیکە باسی لەوە کرد، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا لانیکەم سێ جار مالی و ئێران کۆبوونەتەوە، بەڵام ئەو وردەکارییەکانی نەخستەڕوو.

رۆژی 3ی حوزەیران، رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، بڵاویکردەوە، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەی نافەرمی لەگەڵ رۆبەرت مالی ئەنجامداوە، بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەنێوان تاران و واشنتن، لە بەرامبەر ئازادکردنی سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بە ئاکسیۆسی راگەیاند: ئێمە تا ئێستاش سەرنجمان لەسەر سنووردارکردنی رەفتارە ناسەقامگیرکەرەکانی ئێران لە رێگەی فشار و هەماهەنگی نزیک لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان و کەمکردنەوەی پەرەسەندن لە ناوچەکەدا هەیە.

دەشڵێت: بێگومان ئێمە لە نزیکەوە چاودێری چالاکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران دەکەین.