ئیستانبوڵ.. یەک ملیار دۆلاری ساختە ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا

لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا لە ئیستانبوڵ، بڕی یەک ملیار دۆلاری ساختە ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا، کە لە ئامادەکاریدابوو بنێردرێت بۆ وڵاتانی ئەفریقا.

تیمەکانی فەرماندەیی جەندرمەی ئیستانبوڵ، زانیاری ئەوەیان پێگەیشت کە چەند کەسێک دۆلاری ساختە چاپ دەکەن و لە ئامادەکاریدان بۆ ئەوەی بینێرن بۆ وڵاتانی ئەفریقا.

لە ئەنجامی چاودێریکردنی گومانلێکراوان و بەدواداچوون بۆ کەیسەکە، ئەوە ئاشکرا بوو کە گومانلێکراوەکان لە کاتی جیاجیادا دەچنە ناو کۆگایەک، لەگەڵ خۆشیاندا کارتۆنی زۆر و قاسەی پارە دەبەنە ژووره‌وه‌.

تیمەکان لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ شوێنی رووداوەکە سێ هاووڵاتی سویدی، هاووڵاتییەکی بەریتانی، هاووڵاتییەکی غانایی و هاووڵاتییەکی تورکیان دەستگیرکرد.

لە میانی پشکنینی کۆگاکەشدا بڕی یەک ملیار دۆلاری ساختە ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا، کە خرابوونە ناو کارتۆنی پۆستە و ئامادە کرابوون بۆ ئەوەی بنێردرێن بۆ وڵاتانی ئەفریقا.

هەروەها ئەو ڤێللایەش پشکندرا کە گومانلێکراوەکان بەکرێ گرتبوویان و لەوێش بڕێک پارە و خشڵ دۆزرانەوە. رێککارە یاساییەکان لەگەڵ گومانلێکراوەکان بەردەوامن.

باس لەوەش دەکرێت کە”لە مێژووی کۆماری تورکیادا ئەمە گەورەترین بڕی پارەی ساختەیە لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکدا دەستی بەسەرداگیرابێت”.

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ