خاڵێکی پشکنین لە پارێزگای لەحج لە باشووری یەمەن، هەوڵێکی حوسییەکانی پووچەڵ کردەوە بۆ بەقاچاغبردنی بارێک کە پارچەکانی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تێدابووە، هەروەها هەندێک پارچەی دیکەشی تێدابووە، کە لە دروستکردنی تەقەمەنیدا بەکاردەهێنرێت، ئەمانە لەناو بارێکی یاری منداڵان و پاسکیلدا شاردرابوونەوە.
جەلال ئەلسویسی، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکان لە پارێزگای لەحج، رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە، خاڵێکی پشکنینی سەربازی سەر بە لیوای 2، دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکدا گرتووە کە لە پارێزگای عەدەنەوە بۆ پارێزگای سەنعا دەهات، ئەو بارهەڵگرە پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەرەستەی سەرەتایی کە لە دروستکردنی تەقەمەنی و کەرەستەی دیکەی بەکارهێنراوی تێدابووە، کە حوسییەکان لە چالاکییە سەربازییەکانیاندا بەکاری دەهێنن.
ئەو بەرپرسە دەشڵێت: ئەو ماددانە لەناو بارهەڵگرێکی گەورەی گواستنەوەدا دانراون کە بە یاری منداڵان و پاسکیل داپۆشراون، هەروەها شۆفێری بارهەڵگرەکە توانیویەتی پارێزگاری عەدەن بەجێبهێڵێت و ژمارەیەک خاڵی پشکنین ببڕێت،ئەمەش پێش ئەوەی گومانیان لێبکرێت و پشکنینیان بۆ بکرێت و ئەو ماددانە ئاشکرا بکرێن.
ئەلسوەیسی سوپاسی هەوڵەکان و وریایی کارمەندانی خاڵە سەربازییەکە کرد، جەختشی لەوە کردەوە، لێکۆڵینەوەیەک بۆ زانینی سەرچاوەی بارەکە کراوەتەوە
وەزیری بەرگری، لیوا موحسین ئەلداعری، لەگەڵ عەبدولسەلام حەمید، وەزیرانی گواستنەوە و حوسێن ئەلئەغبەری، ئیدارەی خۆجێی لە عەدەن کۆبووەوە، پرسی دەروازەی وشکانی و دەریاییەکانیان تاوتوێکرد، وەزیری بەرگری جەختی لەسەر وەستاندنی ئەو ناهاوسەنگییە کردەوە کە لە هەندێک لە بەندەرەکان هەیە، گرنگی رادەستکردنی هەر چەکێکی قاچاغ، یان دەستبەسەرداگرتن پەیوەست بە کاروباری سەربازی وەزارەتی بەرگری
لە کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک سەرۆک و یاریدەدەر و سکرتێری دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنی دەروازەی وشکانی و دەریاییەکانیش بەشداربوون، رەزامەندیان لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی تەکنیکی دا بۆ رێکخستنی کاری بەندەرەکان.
حکومەتی یەمەن ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە پشت کودەتای حوسییەکانەوە بووە لە دژی حکومەت، هەروەها بە پارە و چەک پاڵپشتییان دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی وڵات، بە زەبری چەک بەردەوامی بە شەڕکردن لەگەڵ یەمەنییەکان دەدات.
مانگی ئاداری ساڵی رابردوو، هێزەکانی بەریتانیا و هێزی دەریایی ئەمەریکا، لە کەنداوی عومان دەستیان بەسەر بارێکی چەکی ئێرانی داگرت کە بڕیاربوو بگاتە دەست حوسییەکانی یەمەن، هەروەها لە ماوەی سێ مانگدا، رێگریان حەوت باری قاچاغ گرتووە.
بڕی ئەو حەوت بارە بریتی بووە لە پێنج هەزار چەک و یەک ملیۆن و 600 هەزار فیشەک و حەوت هەزار بارووتی مووشەک و دوو هەزار و 100 کیلۆ کەرەستەی نارنجۆک و هەروەها 30 مووشەکی دژە تانک و مووشەکی رێنمایی کراو و پێکهاتەکانی مووشەکی بالیستی.