ناسر كەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، رۆژی سێشەممە 6-6-2023 باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە ریاز دەكرێتەوە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران ISNA، كەنعانی راگەیەندراوێكی لەو بارەیەوە بڵاو كردووەتەوە.
كەنعانی لە راگەیەندراوەكە رایگەیاندووە: بەمەبەستی تەواو جێبەجێكردنی پڕۆسەی ئەو رێككەوتنە دوو قۆڵییانەی كە لە چوارچێوەی دەستپێكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئێران و سعوودیە ئەنجامدراون، باڵیۆزخانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ریاز، كۆنسوڵخانەی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە جیددە و نوێنەرایەتیی هەمیشەیی ئێران لە رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی لە رۆژانی 6-7ی حوزەیران بە فەرمی دەكرێتەوە.
گوتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە كردووە كردنەوەی باڵیۆزخانە و كۆنسوڵخانەی گشتی بۆ خزمەتگەیاندن بە حاجیانی ئێرانی، بەر لە هاتنیان بۆ خاكی سعوودیە، بەڕێوەدەچێت.