هەدەپە كەی گۆڕانكارییە گەورەكە دەکات؟

لە هەڵبژاردنی 2015، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، توانیی 81 كورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، بەڵام لە 2023، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا، دەنگەكانی ئەو پارتە دوو ملیۆن كەمی كرد و بووە خاوەنی 61 كورسی. هۆكارەكانی كەمبوونەوەی دەنگی هەدەپە، پێشتر چەندین جار باس كراون و پێویست ناكات باس بكرێنەوە، بەڵام ئێستا دەنگێكی گەورەی ناڕەزایی لە باكووری كوردستان دژی هەدەپە دەبیسترێت، ئەویش داوای گۆڕانكاری گەورە دەكەن، بەتایبەت لە هاوسەرۆكانی ئەو پارتە.

دوای ئەوەی، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، لە تازەترین دیمانەیدا گلەیی لە هەدەپە كرد، بەوەی داوای كردووە لە گەڕەی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا بەربژێری بكەن و هەدەپە رەتی كردووەتەوە، لایەنگرانی هەدەپە زۆر نیگەران بوونە، نیگەرانییان گەیشتووەتە ئەو رادەیەی داوای دەستلەكاركێشانەوەی هاوسەرۆكان بكەن.
پەروین بوڵدان و مەدحەت سانجار، هاوسەرۆكانی هەدەپە، دوو كەسایەتی گرنگن كە بەشێكی زۆری ئەو شكستەی هەدەپەیان دەكەوێتە ئەستۆ، چونكە لە میتنگ و دانانی ستراتیژییەی هەڵبژاردنی 14ی ئایاردا، داكۆكیەکی زۆریان لەسەر ئەوە دەكرد، هەدەپە، بەربژێری بۆ گەڕی یەكەم نەبێت، ئەمەش هەدەپە دووچاری ئەو شكستە كرد. جیا لەوەش، هەر ئەو دوو هاوسەرۆكە بوون، هاوپەیمانیان لەگەڵ پارتی كاردا كرد و هەدەپە 15 كورسیی لەدەست دا.
هەدەپە لەناو كایەی سیاسەتی توركیادا، وەكو ئەو منداڵە وایە، كە بێكەسە و كەسیش نایگرێتە خۆی، بۆیە ئەگەر بیەوێت گەورە بێت و لەو بێكەسییە رزگاری بێت، دەبێت گۆڕانكاری بکات، تا بتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێت.
ئێستا پەرلەمانی توركیا بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە، بەرەی ئەتاتوركچی و سیكۆلارەكان و بەرەی نەژادپەرست و موحافیزكارەكان، ئەو دوو بەرەیە بەهێزن و دەتوانن گۆڕانكاری بكەن، هەدەپەش هیچ كارتێكی فشار یان رۆڵی كاریگەریی نەماوە.
پێشتر هەدەپە، كارەكتەرێكی گرنگی كایەی سیاسی بوو لەناو پەرلەماندا، ئەگەرچی رۆڵی سەرەكی نەبووە، بەڵام كۆمبارسیش نەبوو، بەڵكو دەیتوانی بەو رۆڵەی هەیبوو، گۆڕانكاری دروست بكات، بەڵام ئێستا وەكو ئەو ئەكتەرە وایە، كە كۆمبارسە و ناتوانێت لەسەر شانۆدا سەرنجی بینەر بۆ خۆی رابكێشێت.
بەڵام ئایا دەكرێت، هەدەپە ببێتە ئەو ئەكتەرەی رۆڵی هەبێت لەسەر شانۆ؟ بێگومان بەڵێ، بەڵام بەو حاڵەی ئێستایەوە نا، بەڵكو دەبێت گۆڕانكاری لە سەركردایەتیدا بکات.
هەدەپە، لەمساڵدا كۆنگرە دەبەستێت، وەكو ئەوەی چاودێرانی سیاسی باسی دەكەن، گرنگە هاوسەرۆكانی ئێستا بگۆڕێت و دوو هاوسەرۆكی تر دابنێن، هەروەها گۆڕانكارییش لە سەركردایەتیی پارتەکەدا بكات، چونكە ئەو ئەندامانەی سەركردایەتی، نەیانتوانی هەدەپە بەرەو پێشەوە ببەن.
هەدەپە، دەبێت كلتووری باكوور بخوێنێتەوە، وەكچۆن ئاكەپە توانیویەتی بیخوێنێتەوە، خوێندنەوەی كلتووری باكووریش بەوە دەكرێت، ئیدی كوردە موحافیزكارەكان لەخۆی نزیك بكاتەوە، بۆ نموونە دەیان سیاسیی موحافیزكار هەیە، كە وەكو ئاڵتان تانن و توانایەكی باشی سیاسییان هەیە، دەبێت هەدەپە ئەوان بهێنێتە ریزی پارتەكەی، ناكرێ وەكوچۆن ئاڵتان تانی دەركرد، ئەوانیش فەرامۆش بكات.
بینیمان دەمیرتاش، لە تازەترین دیمانەیدا، تەنانەت پێی باشە هەدەپە، هودا پاریش بهێنێتە ناو هاوپەیمانییەتی خۆیەوە، تا لەو رێگەیەوە پێگەی كورد لەناو پەرلەمانی توركیا بەهێز بێت، ئاخر دەمیرتاشیش، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، ئەگەر بتەوێت دەنگی باكوورییەكان بۆ خۆت رابكێشیت، پێویستە هەدەپە كوردە موحافیزكارەكان لە خۆی نزیك بكاتەوە.
سیاسەتی هەدەپە، نابێت لەسەر دژایەتیكردنی كەسێك بێت، بەڵكوو دەبێت ئەوە بزانێت، ئەو لە هەناوی كوردانی باكوور لەدایك بووە، بۆیە دەبێت بەرژەوەندی گەلی كورد لەپێش هەموو شتێكی ترەوە بێت لای هەدەپە، كە بەداخەوە لە دوا هەڵبژاردندا، هەدەپە هەموو ستراتیژییەتی ئەوەبوو، رەجەب تەییب ئەردۆغان، لە پۆستی سەرۆكایەتیی بهێنێتە خوارەوە، واتە پرسە گەورەكەی لەبیر چوو بوو، كە پرسی كوردە، رووی كردبووە، پرسە لاوەكییەكە، ئەویش لادانی ئەردۆغان بوو، وەك بڵێی ئەگەر كەمال كلیچدارئووغڵو ببێتە سەركۆمار، ئیدی كورد دەگات بە هەموو مافێكی خۆی و لە توركیا شتێك نامێنێت بەناوی پرسی كورد.
پێویستە هەدەپە، بەردە گەورەكە هەڵگرێت، ئەویش دوور كەوتنەوەیەتی لە پەكەكە، بەشێوەیەكی تر، دەبێت بۆشاییەك لە نێوان خۆی و پەكەكە دروست بكات، ئەو بۆشاییەش باكوورییەكان هەستی پێ بكەن، تا بتوانێت وەكوو هێزێكی مەدەنی لەناو پەرلەمانی توركیا شەڕی بەدەستهێنانی مافی كورد بكات، بەپچەوانەوە هەموو هەوڵێكی، بێئەنجام دەبێت.