عێراق و پاكستان یاداشتی هه‌ڵگرتنی ڤیزای دیپلۆماسی له‌نێوانیاندا واژۆ ده‌كه‌ن

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، لێكتێگه‌یشتنیان له‌گه‌ڵ پاكستان كردووه‌ بۆ هه‌ڵگرتنی ڤیزای دیپلۆماسی له‌نێوان عێراق و پاكستان، هاوكات ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات له‌ بواری دیكه‌یش یاداشتی لێكتێگه‌یشتنیان واژۆ كردووه‌.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 5ـی حوزه‌یرانی 2023) فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ بیلاوال بۆتۆ زه‌رداری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پاكستان رایگه‌یاند، په‌یوه‌نددییه‌كانی نێوان عێراق و پاكستان به‌هێزن و له‌ گفتوگۆكانی نێوانیشیاندا تاوتووێی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان كردووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ بواری سه‌ربازی.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا دووپاتیكرده‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ پاكستان به‌تایبه‌تی له‌ رووی سه‌ربازی و ئه‌منییه‌وه‌ به‌هێز ده‌كه‌ن، هاوكات ده‌ستكراوه‌ به‌ گفتوگۆ سیاسییه‌كان له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كان. هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوتا پاكستانییه‌كه‌ی یاداشتی لێكتێگه‌یشتنیان واژۆ كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵگرتنی ڤیزا و پاسپۆرتی دیپلۆماسی.

فوئاد حوسێن هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌كرد، جگه‌ له‌ پرسی هه‌ڵگرتنی ڤیزای دیپلۆماسی، یاداشتێكی دیكه له‌نێوان وه‌زیری رۆشنبیری عێراق و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پاكستان واژۆ كراوه‌، سه‌باره‌ت به‌ هاریكاری رۆشنبیری.

له‌لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پاكستان رایگه‌یاند، ئامانجی سه‌ردانییه‌كه‌ی بۆ عێراق له‌پێناو به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانه‌، گوتیشی، عێراق و پاكستان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌شدارییان له‌ پشتوانیكردنی ئاشتی له‌ ناوچه‌كه‌دا كردووه‌.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 5ـی حوه‌زیرانی 2023) بیلاوال بۆتۆ زه‌رداری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پاكستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێك سه‌ردانی عێراق كرد و له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق كۆبووه‌وه‌.