پرسی كورد دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی

كارزان گلی – هه‌ولێر

پرسی كورد، هەمیشە باسێكی گەرمی رۆژەڤی توركیا بووە، هەرچەندە پارتی دەسەڵات لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی (كۆماری)دا بڵێت لە توركیا شتێك نییە بە ناوی پرسی كورد، بەڵام لە رێگەی میدیاكانی خۆیانەوە ئەو پرسە بەردەوام قسەی لەبارەوە دەكرێت، بۆیە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، پرسی كورد نابێتە مێژوو، بەڵام دەكرێت بڵێین هەنگاونان بۆ چارەسەركردنی لەم خولەی پەرلەماندا زۆر ئەستەم دەبێت.

لە پەرلەمان هەڵبژاردنەکەی ١٤ـی ئایاردا، هاوپەیمانیی (كۆماری)، توانیی زۆرینەی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، ئەمەش رێگری لەو بەڵێنانەی هاوپەیمانیی (میللەت) دەكات، كە بەرنامەی هەبوو پرسی كورد بباتە پەرلەمانی توركیا لەوێ چارەسەری بنەڕەتی بۆ بدۆزێتەوە.
ئەم پەرلەمانەی توركیا، وەكوو ئەوەی چاودێرانی سیاسی بیانی و ناوەخۆیی باسی دەكەن، پەرلەمانێكی نەژادپەرستی و موحافیزكاری دەبێت، چونكە 75%ی پەرلەمانتارەكانی سەر موحافیزكار و نەژادپەرستن، بۆیە پرسی كورد، هەنگاو بەرەو پێشەوە نانێت.
بەگوێرەی گوتەی غالیب داڵای، لێكۆڵەری سیاسی، بەهۆی ئەوەی توركیا لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، توانیویەتی لەڕووی پیشەسازی سەربازییەوە هەنگاوی باش بنێت و پەكەكەی دووچاری جەڵەتەی دڵ كردووەتەوە و هەموو چالاكییەكی ئەو پارتەی شكست پێهێناوە، بۆیە ئەمە وای كردووە، دەسەڵاتدارانی توركیا بیر لە چارەسەركردنی پرسی كورد نەكەنەوە.
جیا لەوەش، هەڵبژاردنەکەی ١٤ـی ئایار و ئەو ئەنجامەی هەدەپە بەدەستی هێنا، خراپییەكەی ئەوە بوو، دەسەڵاتدارانی توركیا بڵێن گەلی كوردیش لە باكووری كوردستان، لەگەڵ هەدەپە نین و ئەوان بەو حاڵەی ئێستایان رازین.
بەهێزبوونی هەدەپە لەناو پەرلەمانی توركیا، واتە بەهێزبوون و بەرەوپێشچوونی پرسی كوردە، بۆیە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، هەدەپە ئەوەی بە دەنگدەری كورد دەوت، كە بەهێزبوونی هەدەپە پرسی كورد دەباتە پێشەوە، بەڵام بەداخەوە هەدەپە دوو ملیۆن دەنگ كەمی كرد.
دیسان دەبێت باس لەوە بكەین، كە هەدەپە كارتە گرنگەكانی كوردی لە توركیا كوشت، چونكە لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا بەبێ هیچ مەرجێك چووە پاڵ كەمال كلیچدارئۆغڵو و دەنگیان پێیدا، ئەمە وای كرد دەنگدەری كورد و سیاسییە بێلایەنەكانی كورد نیگەران بن، چونكە پرسی كورد پرسێكی گرنگ نەبوو لای هەدەپە، بۆیە بەبێ مەرج پشتگیری لە كلیچدارئۆغڵو كرد.
خۆ ئەگەر هەدەپە، بەربژێری هەبایە، ئێستا لە بری ئەوەی هاوپەیمانیی میللەت و هاوپەیمانیی كۆماریی روو لە سینان ئۆغان بكەن، كە 5%ی دەنگەكانی هێناوە، ئێستا شەڕیان بوو هەدەپە بۆ لای خۆیان رابكێشن، بۆیە تا پێنج ساڵی تر هیچ هەنگاوێك لە پەرلەمانی توركیاوە ناهاوێژرێت بۆ چارەسەری پرسی كورد، چونكە ئەگەر ئاكەپەش دڵی نەرم بێت و پرسی كورد بهێنێتەوە بەرباس، هاوپەیمانەكەی كە مەهەپەیە، رێگری لێ دەكات، ئاكەپەش بەناچاری دەبێت بچێتە ژێر باری داواكانی مەهەپەوە، چونكە هاوپەیمانیی كۆماریی، بەهۆی مەهەپەوەیە كە زۆرینەی پەرلەمانن و ئەو لێی بێتە دەرەوە، رەجەب تەییب ئەردۆغان زۆرینەی پەرلەمان لەدەست دەدات.
هەدەپە، دەبێت خۆی ئامادە بكات بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، كە ساڵێكی تر لە توركیا ئەنجام دەدرێت، دەبێت لەوێ رۆڵی گەورە ببینێت و ئەمجارەیان كوێرانە روو لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن نەكات، چونكە بینیمان لە 2019 و هەروەها 2023، ئاكەپە و ئەردۆغان لە ئیستانبۆل و ئەنكەرا دۆڕان، بۆیە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2024، بۆ هەدەپە هەلێكی تری زێڕینە و دەبێت هەڵەكانی هەڵبژاردنی 2023ی پێڕاست بكەنەوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2024، پێویستە دەكات هەدەپە بە قورساییەكی گەورەوە بێتە مەیدان و زۆرترین شارەوانی لە باكووری كوردستان بباتەوە، هەروەها بۆ پاڵپشتیكردنی هەر بەربژێرێكیش لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا، دەبێت داخوازییەكانی خۆی فەرز بكات و ئەمجارەیان رێككەوتنی كۆنكرێتی ئەنجام بدات، واتە هەر لایەنێك ئامادە بێت داخوازی هەدەپە جێبەجێ بكات، ئەوكات بەبێ دوو دڵی دەنگ بە بەربژێرەكەی بدات.
گوتمان تا پێنج ساڵی تر، پرسی كورد لەناو پەرلەمانی توركیا نایەتە بەرباس، بەڵام ئەگەر هەدەپە نەرمی بنوێنێت بەرمبەر بە ئاكەپە، ئەردۆغانیش بزانێت بە دەنگی هەدەپە دەتوانن سەرۆكی شارەوانی ئیستانبۆڵ لە دەستی ئۆپۆزسیۆن دەربهێنن، دوور نییە پرسی كورد بهێنێتەوە بەرباس، بۆیە دەبێت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2024، ئیدی هەدەپە گۆڵی سیاسی بكات، ئاساییشە ئاكەپە ئەو پاسەی بداتێ بۆ گۆڵكردن، چونكە لە یاری سیاسیدا ئەنجام گرنگە.