زانیاری نوێ لەسەر دەنگە بەهێزەکەی واشنتن

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بڵاویکردەوە، ئەو دەنگەی لە واشنتن بیستراوە، رووبەڕووبوونەوەی فڕۆکە جەنگییەکانیان بووە لەگەڵ فڕۆکەکەی بچوکی جۆری سیسنا کە دواتر تێکشکاوە.

لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بەو دەنگەی لە شاری واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا بیسترا، پنتاگۆن بڵاویشیکردەوە، هۆکاری دەنگەکە بەرزبوونەوەی خێرایی و شکاندنی دیواری دەنگ بووە لەلایەن فڕۆکە ئێف 16 کانەوە، لەکاتی رووبەڕوبوونەوەیان لەگەڵ فڕۆکەیەکی جۆری سیسنا 560، کە سنوورە ئاسمانییەکانی ئەمەریکای بڕیوە، دواتر تێکشکاوە.

پنتاگۆن ئاماژەی بەوەشدا، فڕۆکە ئێف 16 کان لە بنکەی ئەندرۆزەوە دەستیان بە فڕین کردووە و دوای ئەوەی فڕۆکە بچووکەکە لە دارستانی جۆرج واشنتنی نیشتیمنانی نزیکبووەتەوە رووبەڕووی بوونەتەوە.

میدیاکانی ئەمەریکاش ئاماژەیان بەوەدا، فڕۆکە بچووکەکە لەلایەن سوپاوە تێکنەشکێندراوە.