دادگایه‌كی به‌ریتانی سزای پێنج ساڵ به‌ندكردنی به‌سه‌ر هه‌رزه‌كارێكی داعش سه‌پاند

دادگایه‌كی به‌ریتانی سزای پێنج ساڵ به‌ندكردنی به‌سه‌ر هه‌رزه‌كارێكی داعش سه‌پاند، كه‌ پیلانی هێرشكردنه‌سه‌ر سوپا و پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌ی داڕشتبوو.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی میدیا به‌ریتانییه‌كان، پۆلیسی به‌ریتانیا هه‌رزه‌كارێكی به‌نێوی ماسیۆ كینگی ته‌مه‌ن 19 ساڵانی به‌تۆمه‌تی پیلاندانان بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر پۆلیس و سوپای ئه‌و وڵاته‌، ده‌ستگیركرد.

به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كانی دادگا به‌ریتانییه‌كه‌، كینگ له‌ رێگه‌ی چاته‌وه‌ به‌ هاوڕێ كچه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، حه‌زی به‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان و كووشتنی سه‌ربازانی به‌ریتانییه‌، جیا له‌وه‌ش ئاره‌زوو ده‌كات له‌ رێگه‌ی ده‌ستنیشانكردنی چه‌ند شوێنێك، هێرش بكاته‌سه‌ر خه‌ڵك.

لێكۆڵه‌ره‌ به‌ریتانییه‌كان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، كینگ ئامانجه‌كانی دیاریكردبوو، ته‌نیا ئه‌وه‌ مابوو كه‌ جێبه‌جێیان بكات، دواجار ده‌ستگیركرا.

له‌ رێگه‌ی هێڵه‌ گه‌رمه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر، پۆلیسی به‌ریتانیا ئاگاداركرایه‌وه‌، كه‌ كینگ بووه‌ته‌ تیرۆریستێكی توندڕه‌و و سه‌قامگیری خۆی له‌ده‌ستداوه‌.

كینگ له‌ رێگه‌ی كورته‌ ڤیدیۆیه‌كه‌وه‌، كه‌ له‌ ساڵی 2022 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت: “ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت جیاد و شه‌ڕ بوونی نییه‌، درۆ ده‌كات، جیهادكردن تا رۆژی دوایی به‌رده‌وامه‌، ئێستا شه‌ڕه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد”.

دۆمێنیك مۆرفی فه‌رمانده‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ سكوتلاند له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر كینگ ده‌ستگیر نه‌كرابا، هێرشێكی مسۆگه‌ری ئاماده‌كردبوو.

به‌ گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كان، كینگ پلانی دانابوو بچێته‌ ناوچه‌كانی سنووری داعش له‌ عێراق و سووریا، بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ نێو بازنه‌ی جم وجۆڵه‌كانییان.

دادگا به‌ریتانییه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، كینگ زۆرترین كات له‌سه‌ر ئینته‌رنێت ده‌مایه‌وه‌، له‌نێو مۆبایله‌كه‌یدا زۆرترین ڤیدیۆی توندوتیژی دۆزراوه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌ت ڤیدیۆی خۆكوژه‌كان و كوشتنی به‌كۆمه‌ڵی چه‌كدارانی داعش.