هەدەپە: کاندیدبوونی دەمیرتاش هەڵسەنگاندنی بۆ نەکراوە

ئێبرو گونای، گوتەبێژی هەدەپە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەی دا لەبارەی کاندید نەکرانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا و رایگەیاند، بەهۆی زیندانیبوونییەوە پرسی کاندیدبوونی دەمیرتاش هەڵسەنگاندنی بۆ نەکراوە و خۆیشی پێشنیازی کردووە ئافرەتێک بۆ ئەو پۆستە کاندید بکرێت.

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) گوتیشی: ” لە ماوەی گفتوگۆکردن لەبارەی هەڵبژاردن لەگەڵ سەرجەم ئۆرگانەکانی پارتەکەمان قسەمان کردووە و گفتوگۆمان ئەنجامداوە، تەنانەت لەگەڵ سەرجەم ئەو هاورێیانیش قسەمان کردووە کە ئێستا لە زیندانن. لەبارەی کاندیدبوونی بۆ سەرۆککۆمار لە ئۆرگانەکانی حیزب هەڵسەنگاندنی بۆ نەکرا، بەهۆی ئەو بارودۆخە یاساییەی کە هەیەتی”.

دەشڵێت: “کاتێک راوێژمان لەگەڵ دەمیرتاش کرد، ئەو پێشنیازی ئەوەی کرد کە ئافرەتێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا کاندید بکرێت”.

ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە (31ـی ئایاری 2023)، سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە ئێستا لە زیندانە لە تویتێکدا رایگەیاند، لە زیندانەوە بەشداری لە خەباتی خۆی دەکات و لەم قۆناغەدا واز لە سیاسەت دێنێت.

هاوکات دەمیرتاش باسی لەوەشکردووە، سوپاسی سەرجەم ئەو رەخنە بنیاتنەرانە دەکات کە ئاراستەی کراون.

دوای ئەوەی لە هەردوو گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، هەدەپە و دەمیرتاش پشتیوانی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت کرد و لەبەرامبەر ئەردۆغاندا شکستی هێنا، لە پەیامەکەیدا هاوسەرۆکی پیشووتری هەدەپە دانبەوەدادەنێت، نەیانتوانیوە سیاسەتێک دابڕێژن کە شایەنی گەلەکەیان بێت و بۆیە بەناوی خۆیەوە داوای لێبوردن دەکات.

بڕیارەکەی دەمیرتاش لەکاتێکدایە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە گوتاری سەرکەوتنیدا رایگەیاندبوو، کە لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەودا هەرگیز سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد ناکرێت.

سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە 4ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2016، لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ و ژمارەیەک پەرلەمانتار و سەرکردەی دیکەی هەدەپە، بەتۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە، لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دەستگیرکران.