دەنگی هەدەپە ٢ملیۆن کەمی کرد؛ کێ هۆکارە؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەگەر بپرسن لە هەڵبژاردنی 14ی ئایار، كام لایەن دووچاری گەورەرترین شكست بووەوە، وەڵامەكەی هەدەپەیە، چونكە لە چاوەڕوانی هیچ شرۆڤەكارێكدا نەبوو، ئەو پارتە ٢ملیۆن دەنگ كەم بكات، لە كاتێكدا هەموو پێشبینییان دەكرد، 80 بۆ 90 كورسیی پەرلەمان بەدەست بهێنێت.

هۆكار زۆرن كە بۆچی هەدەپە ئەو دەنگانەی لەکیس دا، بەڵام هۆكارە سەرەكییەكان گرنگن باس بكرێن و نابێت بە شەرمەوە قسەی لەسەر بكرێت.
لە هەموو هەڵبژاردنێكدا، پەكەكە دەستوەردانی لە كاروباری هەدەپەدا كردووە، بە جۆرێك كاتێك ناوی بەربژێرانی پەرلەمان دیاری دەكرێن، پەكەكە بە جیا لیستێك دەنێرێت و دەبێت ئەو ناوانە بكرێنە بەربژێر، بۆیە ئەنجام زیانی گەورە بەر هەدەپە دەكەوێت، چونكە ئەو ناوانەی پەكەكە دەیسەپێنێت، بەهۆی ئەوەی پێشتر لەناو پەكەكە بوونە، یان بە ئاشكرا پشتگیرییان لە پەكەكە كردووە، لە پەرلەمانی توركیا پارێزبەندیان لەسەر هەڵدەگیرێت و دەخرێنە زیندانەوە.
دەكرێت نموونە بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2015 بهێنینەوە، ئەوكات هەدەپە بۆ یەكەمجار بوو لە مێژووی توركیا، بڕیاریدا وەكوو پارت بچێتە پەرلەمانەوە، كە پێشتر هیچ پارتێكی كوردی وەكوو پارت نەیتوانیوە بچێتە پەرلەمانەوە، دەنگدەری كورد لە باكوور، چونكە تامەزرۆی ئاشتی بوو و لەشەڕ بێزار ببوون، بۆیە بە گوڕ و تینەوە پشتگیرییان لە هەدەپە كرد و توانی 80 كورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، بەڵام دوای ئەوەی هەدەپە، نەیتوانی بۆشاییەك لە نێوان خۆی و پەكەكەدا دابنێت و بە ئاشكرا دەسەڵاتی پەكەكەی بەسەر زاڵ بوو، بۆیە دەنگدەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا، هەدەپەی سزادا و دەنگەكانی بۆ 68 كورسی پەرلەمان كەمی كرد.
دەنگدەری كورد، بەتایبەت ئەو دەنگدەرانەی موحافیزكارن، چاوەڕوانی ئەوەن، هەدەپە بە ئاشكرا و بە پڕاكتیكی بۆشاییەك لە نێوان خۆی و پەكەكەدا دروست بكات، چونكە ئەگەر ئەو بۆشاییە دروست نەكات، دەنگدەر ئامادە نییە، دەنگ بە بەربژێری هەدەپە بدات، لە كاتێكدا بزانێت دوای هەڵبژاردن، ئەوەی هەڵیبژاردوە بۆ پەرلەمان بخرێتە زیندانەوە.
بەشێك لە شرۆڤەكارانی سیاسی باس لەوە دەكەن، گرنگە هەدەپە، كاتێك لیستی بەربژێرەكان دیاری دەكات، ئەو كەسانە بن، كە پێشتر پەكەكە نەبووبن، هەروەها نابێت لە ژێر گوشاری پەكەكە هیچ كەسێك بەربژێر بكەن، چونكە كاتێك بە قورساییەوە دەچنە پەرلەمانەوە، بە تۆمەتی ئەوەی سەر بە پەكەكەن، بەشێكی پەرلەمانتارەكانیان پارێزبەندییان لەسەر هەڵدەگیرێت و دەخرێنە زیندانەوە.
بەهۆی ئەوەی، پەكەكە لەناو پەرلەمانی توركیا وەكوو پارتێكی تیرۆریست ناسێنراوە، بۆیە هەركەسێك بەبەڵگەوە بسەلمێنرێت سەر بە پەكەكە بووە، راپێچی دادگای دەكەن، ئەمەش زیان بە هەدەپە دەگەیەنێت لەناو پەرلەمانی توركیا، چونكە رێژەی پەرلەمانتارەكانیان كەم دەبێتەوە و وەكوو پێویستیش ناتوانن سیاسەت بكەن.
داواكاری گشتی توركیا، بەفەرمی داوای لە دادگای دەستووری توركیا كردووە، هەدەپە دابخات، چونكە پێیانوایە باڵێكی سیاسی پەكەكەیە لەناو پەرلەمانی توركیادا، هەرچەندی ئەو داوایە ناڕەوا بێت و دژی ئازادی كاری سیاسی بێت، بەڵام هەدەپەش بەهانەی داوەتە دەستی داواكاری گشتی بەوەی، تەنانەت بۆ یەكجاریش سووكە رەخنەیەكی لە پەكەكە نەگرتووە. چەندین جار داوا كراوە، هەدەپە رەخنە لە پەكەكە بگرێت، بەهۆی شەڕی خەندەق، بەڵام هەدەپە بە یەك وشەش دژی شەڕی خەندەق نەبوو لە باكووری كوردستان لە 2016، كە بووە هۆی كوژرانی هەزاران گەنجی كورد و 200 هەزار كەس ئاوارە بوو و چەندین شاریش وێران بوون.
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، كاتێك لەناو گرتووخانەی ئێدیرنە، رۆژنامەیەكی توركیا دیمانەی لەگەڵدا دەكات، لێی دەپرسێت، لە چی شتێك پەشیمانیت؟ ئەو دەڵێت: ”رەنگە زۆر شت هەبێت، بەڵام پەشیمانم لەوەی پێشتر لە میتینگێكدا گوتم، دەبێت پەیكەری ئاپۆ لە توركیا بچەقێنین، ئەو گوتەیەم نەدەبوایە بكردایە“
لەسەر ئەو گوتەیە، میدیای پەكەكە، تەخوینی دەمیرتاشیان كرد و بە نۆكەر و پیاوی دەوڵەتی توركیا ناویان برد، رەنگە ئەمە زەقترین نموونە بێت، كە پەكەكە بەئاشكرا دەست وەردەداتە كاروباری هەدەپە و ئەگەر هەنگاوێكی هەدەپەشی بە دڵ نەبێت، هەڕەشەیان لێ دەكات و بە خاین ناویان دەبات، هەر ئەمەشە وای كردووە، دەنگدەری كورد، سزای هەدەپە بدات، چونكە دەبێت ئەوە بزانرێت، هەموو كوردێكی باكوور پەكەكە نییە، بەڵكوو كوردەكان بەسەر چەندین پارتدا دابەش بوونە، هەیە هەدەپەیە، هەیە سوسیالیستە و هەیە ئاكەپەیە و بەشێكیشی بێلایەنن و تەنیا دوای ئەو پارتە دەكەون، كە پرسی كورد بەلایانەوە گرنگە.
دەمیرتاش، زیرەكانە ئەو قسەیەی كرد، چونكە ئەو زانی هەڵەی كردووە لەوەیاندا، كە بەو جۆرە باسی ئاپۆ بكات، لە كاتێكدا ئاپۆ لە لیستی تیرۆری توركیایە، كەچی دەمیرتاش سەرۆكی حیزبێكی شەرعیی توركیایە.
پارتی دەسەڵات لە توركیا، بە ئاشكرا لە میتینگەكاندا هەدەپەی بە پاڵپشتی پەكەكە تۆمەتبار دەكرد، تەنانەت باسیان لەوەش دەكرد، كە كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێری ئۆپۆزسیۆنی توركیا، مادام لە لایەن هەدەپەوە پاڵپشتی دەكرێت، كەواتە ئەویش پەكەكەیە، ئەو تۆمەتەشی بۆیە بە ئاشكرا بە هەدەپە بەخشی، چونكە هەدەپە بوێرانە نەیتوانیوە بۆشاییەك لە نێوان خۆی و پەكەكەدا دابنێت، راستە ئەمە بۆ هەدەپە سەختە، بەشێكی دەنگدەرەكەی و سەركردایەتییەكەی ئایدۆلۆژیای پەكەكەیان هەیە، بەڵام دەتوانن هیچ بەهانەیەك نەدەنە دەستی دادگاكانی توركیا و حكوومەت، كە پەیوەندییان لەگەڵ پەكەكەدا هەیە، هەر بۆ نموونە هیچ پێویستی نەدەكرد، فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، كە ئێستا لە زیندانە، لە میتینگەكاندا بڵێت ئێمە ئەگەر زۆرمان بۆ بهێنن، پشت بە یەپەگە و بەدەپە و یەپەژە دەبەستین، دەبوایە بڵێت پشت بە میللەتی خۆمان كە كوردە دەبەستین.
هۆكاری كەمبوونەوەی دەنگەكانی هەدەپە زۆرن، بەڵام گرنگترینیان ئەوەیە، هەدەپە نەیتوانی بۆشاییەك لە نێوان خۆی و پەكەكەدا دروست بكات، كە دەنگدەر هەستی پێ بكات، چونكە دەبێت ئەوە بزانن، كوردانی باكوور بێزاربوون لە دەنگی گوللە، ئیدی دەیانەوێت دەنگی ئاشتی ببیستن، دەیانەوێت پەرلەمانی توركیا ئەو شوێنە بێت، كە پارتە كوردییەكان شەڕیان بۆ بكەن تا مافی كورد بەدەست بهێنن و لە دەستووری توركیادا، وەكوو هاووڵاتییەكی كورد لە پاڵ هاووڵاتی تورك، بیانناسێنن.
دەكرێت بڵێم، لە شەڕی خەندەقەوە لە باكووری كوردستان، دەنگدەری كورد، ئومێدی بە هەدەپە و پەكەكە نەما و لێی تووڕە بوو، چونكە ئەنجامی ئەو شەڕە شكستەكەی بۆ كورد بوو و گەلی باكوور باجەكەی دا.