هەدەپە دەنگی زۆركەمی كرد، لێ هیچ کورسییەکی نەدۆڕاند

هەڵبژاردنی 14ی ئایار، بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا نەچاوەڕوانكراو بوو، چونكە لە پێشبینی هیچ شرۆڤەكارێكدا نەبوو، هاوپەیمانیی (كۆماریی) بتوانن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا زۆرینە ببەنەوە، هەروەها پێشبینی ئەوەیان نەدەكرد، كە رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەگەرچی لە گەڕی یەكەم نەیتوانی 50+1 بەدەست بهێنێت، بەڵام بە جیاوازی 4%، بە پێش كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێری ئۆپۆزسیۆنەوە بكەوێت.

هاوپەیمانی (میللەت)، توانیی ببێتە خاوەنی 324 كورسی پەرلەمان، ئەو رێژە دەنگەش بەو واتایە دێت، كە ئیدی پەرلەمان لەژێر كۆنترۆڵی ئاكەپە و مەهەپەیە، بەڵام لێرەدا مەهەپە، وەكو پارتێكی نەژادپەرست، دەنگەكانی كاریگەریی زۆری هەیە و ئەگەر دەنگی ئەو پارتە نەبایە، ئاكەپە نەیدەتوانی پەرلەمان كۆنترۆڵ بكات.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2018، ئاكەپە توانیی 42%ی دەنگەكان بهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنە دابەزیوە بۆ 35%، واتە 7%ی دەنگەكانی كەمی كردووە، بۆیە ئەگەر بڵێین لەم هەڵبژاردنەدا كێ دۆڕاوە، بەدڵنیاییەوە ناوی ئاكەپە دێت، سەركردەكانیشیان دانیان بەوەدا ناوە، كە دەبێت لێكۆڵینەوەی جیدی بكرێت، بزانن بۆچی دەنگەكانیان كەمی كردووە.
یەكێك لە زیرەكییەكانی ئاكەپە ئەوە بوو، نەیهێشت ئەو دەنگە موحافیزكارانەی لە ئاكەپە تووڕەن بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بۆ جەهەپە و پارتی خاس بچێت، بەڵكو لە رێگەی كوڕەکەی نەجمەدین ئەربەكانەوە، لەژێر ناوی پارتی تازەی رەفاح، ئەو دەنگە تۆراوانەی بردەوە، بۆیە پارتی تازەی رەفاح، توانیی پێنج كورسی پەرلەمان ببات و ملیۆن و نیوێک دەنگی هێناوە، كە ئەمە لە چاوەڕوانی هیچ كەسێكدا نەبووە.
هاوپەیمانیی كۆشش و ئازادی، كە هەدەپە و چەند پارتێكی تری چەپ پێكیان هێنابوو، توانییان زیاتر لە 10%ی دەنگەكان بەدەست بهێنن، هەروەها 66 كورسی پەرلەمانیان بردەوە، بەڵام ئەمە بەمانای سەركەوتن نییە بۆ هەدەپە.
هەدەپە، لە ژێر ناوی ئەو هاوپەیمانییە، چاوەڕوان بوون كە 80 كورسی بەدەست بهێنن، بەڵام زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگیان كەمی كردووە، بەشێكی ئەو دەنگانەشیان بۆ جەهەپە رۆیشتووە. ئەوەیشی وای كردووە كە ئەو هاوپەیمانییە دەنگەكان و كورسییەكانی كەم بكات، ئەو رێككەوتنە بووە كە لەگەڵ پارتی كاردا كردی و لە ئیستانبۆڵ لە چەند شوێنێكدا دەنگی هەدەپە بۆ پارتی كار رۆیشتووە، بەمەش لە ئیستانبۆل هەدەپە گورزێكی گەورەی بەركەوت.
هەدەپە، لە باكووری كوردستان حاڵی باشە، بەڵام ئەوەی چاوەڕوانی دەكرد وا دەرنەچوو و لە چەند شوێنێكدا دەنگەكانی كەمی كردووە، بەتایبەت لە رۆحای باكووری كوردستان، كە ئاكەپە بە تەنیا لەو شارە، لە كۆی 14 كورسی حەوتی بردووە و مەهەپەش یەك كورسی و هەدەپەش چوار كورسی و جەهەپەش كورسییەك.
دەكرێت بڵێین، كەمبوونی دەنگی هەدەپە لە باكووری كوردستان، پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە جەهەپە بە گوڕوتینێكی زۆرەوە هاتە باكوور و توانی چەند كورسییەكی هەدەپە ببات، بەڵام نەیتوانی دەنگی ئاكەپە لە باكووری كوردستان بەدەست بهێنێت.
لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، سینان ئۆغان، كە بەربژێری سەرۆكایەتیی بوو، توانی زیاتر لە 5%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بەشێكی زۆری ئەو دەنگانەش دەنگی مەحەرەم ئینجە بوو، كاتێك كشایەوە، لایەنگرانی ئینجە دەنگیان بە سینان داوە، بۆیە دەكرێت بڵێین یارییەكە سینان تێكی دا و دەنگی كلیچدارئۆغڵوی كەم كردەوە.
ئەگەر سینانیش بكشابایەوە و داوایان لە دەنگدەرەكانیان بكردایە دەنگ بە كلیچدارئۆغڵو بدەن، لە گەڕی یەكەم كلیچدارئۆغڵو، بەپێش ئەردۆغان دەكەوت، بەڵام ئەم دەنگانەی سینان وای كرد، كە لە گەڕی دووەمدا، دەنگدەرەكانی سینان ببێتە كلیلی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی.
كلیچدارئۆغڵو، پاڵپشتییەكی زۆر گەورەی لە باكوورەوە بۆ هات، وەكو ئەوەی زانراوە، نزیكەی 10%ی دەنگەكانی كلیچدارئۆغڵو لە باكووری كوردستانەوە بۆی هاتووە، یاخود دەنگدەری هەدەپە لە تەواوی توركیا دەنگی پێی داوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی، كلیچدارئۆغڵو، زۆر بە تاخیری داوای لە هەدەپە كرد دەنگی پێ بدەن، ئەوەش وای كرد دەنگدەری كورد نیگەران بێت و بەشێكیان دەنگی بە كلیچدارئۆغڵو نەدا.
بەڵام لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا، دەنگی كورد لە تەواوی توركیادا، بۆ كلیچدارئۆغڵو گرنگە، ئەگەر بانگەشەیەكی دروست نەكات، واتە ئەگەر بە شەرمەوە داوا لە هەدەپە و كورد بكات دەنگی پێ بدەن، ئەنجامەكەی خراپ دەبێت، بەڵام ئەگەر بەڵێنەكانی بكاتە كۆنكرێتی و بەجیدی باس لە چارەسەری پرسی كورد بكات، رەنگە كاریگەریی زۆری لەسەر ئەنجامەكەی هەبێت.
ئەم هاوكێشەیە بۆ ئەردۆغانیش هەمان شتە، ئەگەر بیەوێت لە گەڕی دووەم سەركەوتوو بێت، دەبێت خیتابێكی تری بۆ كورد پێ بێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی، كورد تا ئاستێكی زۆر پشتی لە ئاكەپە نەكرد.
ئەحمەد داودئۆغڵو و عەلی باباجان، دوو كەسیایەتی گرنگی ئۆپۆزسیۆن بوون، بەڵام هەردوكیان لەم هەڵبژاردنەدا دووچاری شكستێكی گەورە هاتن و نەیانتوانی تەنانەت یەک كورسی پەرلەمانیش ببەن، ئەمەش ئەو حیساباتە هەڵەیە بوو كە شرۆڤەكارانی سەر بە هاوپەیمانیی میللەت كردیان و وایانزانی ئەو دوو كەسایەتە كە سەرۆكی پارتی دەوا و ئاییندەن، دەتوانن 3%ی دەنگەكان بەدەست بهێنن، بەڵام وا دەرنەچوو و ئەوان بە شكست لەم هەڵبژارنە لێی هاتنە دەرەوە.