ڕێکخراوی “هیومان ڕایتس وۆچ” ڕایگەیاند، ئێران لە ڕێگەی هەڵکشانی پڕۆسەکانی لەسێدارەدان بەشێوەیەکی مەترسیدار مافی ژیان پێشێل دەکات، ئەمە پێویستی بە سەرکۆنەکردنی نێودەوڵەتی هەیە.
لە کۆتایی مانگی نیسانی ڕابردووەوە دەسەڵاتدارانی ئێران لانیکەم 60 کەسیان لە سێدارە داوە کە زۆربەی تۆمەتەکان پەیوەست بوون بە تیرۆر و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە.
ڕێکخراوەکە پێی وایە، “زۆرێک لەوانەی لە سێدارە دراون دووچاری دادگاییکردنی نادادپەروەرانە بوونەتەوە کە بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی نابێت بگاتە سزای لەسێدارەدان”.
ڕێکخراوەکە ئەوەشی زیاد کرد لەنێوان 1ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ تاوەکو 5ی ئایار، کۆماری ئیسلامیی ئێران لانیکەم 192 کەسی بەتۆمەتی تاوانی کوشتن و ماددەی هۆشبەر لەسێدارە داوە.