كارزان گلی – ههولێر
رۆژێک بەر لەوەی هاوپەیمانیی (میللەت) بەربژێری خۆی بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار دیاری بكات، مەراڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی پارتی خاس، كە پێكهاتەیەكی سەرەكی هاوپەیمانیی میللەتە، رایگەیاند لە هاوپەیمانییەتەكە دەكشێتەوە، چونكە كەمال كلیچدارئۆغڵو، خۆی سەپاندووە كە ببێتە بەربژێری سەرۆكایەتی، بەڵام ئەو ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، یان مەنسوور یاڤاشی پێ باشترە، ئەمە سەرەتای دەركەوتنی ناكۆكیی نێوان هاوپەیمانیی میللەت بوو.
راستە ئاكشەنەر، بە هەوڵی یاڤاش هاتەوە ناو هاوپەیمانییەتەكە، بەڵام هاتنەوەی پەیوەست بوو بەو فشارەی لایەنگرانی لێیان كرد، ئێستاش بە دڵ و بە حەماسەتەوە بانگەشە بۆ كلیچدارئۆغڵو ناكات، چونكە ئەدای ئەوی پێ باش نییە.
گریمانەی ئەوەی، ئەگەر كلیچدارئۆغڵو ببێتە سەركۆماری توركیا و لەناو پەرلەمانیش هاوپەیمانیی میللەت، ببێتە زۆرینە، ئاخۆ ئەو هاوپەیمانییە، یاخود ئەو دۆستایەتییەی ئێستا لە نێوانیان دەبینرێت، بەردەوام دەبێت؟ لە خوارەوە روونتری دەكەینەوە.
ئەگەربێتو ئۆپۆزسیۆنی توركیا ببێتە زۆرینەی پەرلەمان، بێگومان ئەو زۆرینەیە بەدەنگی هەدەپەیە، چونكە ئەگەر دەنگی هەدەپەشی لەگەڵ نەبێت، زۆرینەی پەرلەمان بەدەست ناهێنرێت، هەروەكچۆن، لە هەڵبژاردنی 2015، كاتێك ئاكەپە زۆرینەی لەدەست دا، هۆكارەكەی شكاندنی بەربەستی هەڵبژاردنی بوو لەلایەن هەدەپەوە، بۆیە كێشەكە لێرەوەدەست پێ دەكات، واتە لە ململانێی نێوان هەدەپە و پارتی خاس.
ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی توركیا بدەینەوە، زیاتر لە چوار جار حكوومەتی هاوپەیمانیی هەڵوەشاوەتەوە، واتە مێژووی توركیا لە حكوومەتی هاوپەیمانیدا مێژوویەكی باش نییە، بۆیە رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەردەوام دەڵێت، ئێمە بووین كۆتاییمان بە حكوومەتی هاوپەیمانیی هێنا و یەك پارت زیاتر خزمەتی گەل دەكات.
ئەگەر بێت و ئۆپۆزسیۆنی توركیا لەناو پەرلەمان ناكۆك بن و یەكێك لە پارتەكان، جا هەدەپە بێت یان پارتی خاس بكشێتەوە، ئەوكات كورسی سەرۆكایەتیی لەق دەبێت، پێشتریش باسمان كردووە، كە پۆستی سەركۆمار بایەخی نییە ئەگەر پارتی سەركۆمار، یان هاوپەیمانیی سەركۆمار لە پەرلەمان زۆرینە نەبێت. ئایە هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان، ئەگەرێكی بەهێزە؟ وەڵامەكەی ئەگەر بەهێزیش نەبێت، مومكینە.
كلیچدارئۆغڵو، بەڵێنی داوە پرسی كورد لە توركیا لەناو پەرلەمان چارەسەر بكات، هەروەها پێشتر بە مافی كوردی زانیوە كە بە زمانی خۆیان بخوێنن، بەڵام پارتی خاس دژی ئەوەیە پرسی كورد ببرێتە پەرلەمان و دەڵێن، لە توركیا شتێك نییە بە ناوی پرسی كورد، ئەگەر هەدەپە رووبەڕووی پارتی خاس ببێتەوە، دەبێت كلیچدارئۆغڵو، یەكێكیان هەڵبژێرێت، هەركامێكیشیان هەڵبژێرێت، ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمان زۆرینە لەدەست دەدەن.
پێشتریش ئەم سیناریۆیە هەبووە، بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی 2015، ئاكەپە زۆرینەی پەرلەمانی لە دەست دا، ئەوكات مەهەپە، كە ئێستا هاوپەیمانیی ئاكەپەیە، لە ئۆپۆزسیۆن بوو، بۆیە دەنگی مەهەپە و جەهەپە و هەدەپە، زۆرینەی پەرلەمان بوو، بەڵام چونكە مەهەپە، هەدەپەی قبوڵ نەبوو و گوتی هەر مێزێك هەدەپەی تێدا بێت ئێمە لەوێ نین، بۆیە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیان وەكوو سینییەكی زێر پێشكەشی ئاكەپە كرد، بەڵام ئەگەر ئەو سێ پارتە لەسەر بەربژێرێك بۆ سەرۆكی پەرلەمان رێک بكەوتنایە، پۆسی سەرۆكی پەرلەمان بۆ ئۆپۆزسیۆن دەبوو.
پارتی خاس، وەكوو پێشتری مەهەپە، دەڵێت هەر مێزێك هەدەپەی تێدا بێت ئێمە لەوێ نین، تەنانەت مەراڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی پارتی خاس، لە دیمانەیەكدا ئاماژەی دا، هۆشداری داوەتە جەهەپە و كلیچدارئۆغڵو، بەهیچ شێوەیەك بیر لەوە نەكەنەوە هەدەپە بهێننە ناو هاوپەیمانیی میللەت، چونكە پارتی خاس قبوڵی ناكات.
جا ئەگەر، پارتی خاس لەگەڵ هەدەپە دانەنیشێت و پێی تیرۆریست بێت، ئایە دەگونجێت لەناو پەرلەمانی توركیا بەیەكەوە كار بكەن و بەیەكەوە هەنگاو بنێن؟ یان دەبێت هەدەپە بێتە ژێر باری پارتی خاس و دەستبەرداری هەموو داخوازییەكی كورد بێت، یان دەبێت پارتی خاس، پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆیدا بکات بەرامبەر بە هەدەپە.
بۆیە ئۆپۆزسیۆن سەركەوتووش بێت لەم هەڵبژاردنە، كێشە ناوخۆییەكانی دوای هەڵبژاردن سەر هەڵدەدەن، زیرەكایەتیی كلیچدارئۆغڵوش ئەوكات دەردەكەوێت كە بتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت.