شرناخ لە هەڵبژاردنەکەی ١٤ـی ئایاردا دیسان پشت لە هەدەپە دەكات؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

شرناخ، كە بەشێكی زۆر لە رۆژنامەنوسان وەكو شاری نوح ناوی دەهێنن، چونكە كەشتییەكەی نوح لە چیای جودی گیرسایەوە و سەرلەنوێ ژیان لەسەر زەوی دەستی پێكردەوە، ئەو شاخەش سەر بە شرناخە. بۆ هەڵبژاردنی چواردەی ئایار، بانگەشەی هەڵبژاردن لەو شارە زۆر ئارامە، بەڵام ئاكەپە و خودی رەجەب تەیب ئەردۆغان، دەیانەوێت سیناریۆی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠١٩ لەوێ دووبارە بكەنەوە.

شرناخ، سەر بە باكووری كوردستانە و تەواوی دانیشتوانەكەی كوردن، بەڵام لە شەڕی خەندەقدا لە ٢٠١٦، نزیكەی ٨٠%ـی باڵەخانەكانی ئەو شارە وێران بوون و خەڵكەكەی ئاوارەی شاری مێرسین و شارەكانی تری توركیا بوون. جیا لەوەش، هاووڵاتیانی ئەو شارە، بەردەوام باجی شەڕی پەكەكە و دەوڵەتی توركیایان داوە، بەوەی هیچ خزمەتگوزارییەكی بۆ نەچووە و خەڵكەكەی لە ژیانێكی هەژارانیدا دەژین، لەگەڵ ئەوەشدا، بە گوڕوتینەوە دەچنە سەر سندوقی دەنگدان.
لە هەڵبژاردنی ١٤ـی ئایاردا، شرناخ ٣٢٤هەزارو٦١ دەنگدەر دەنێرێتە سەر سندوقی دەنگدان و لە كۆی ٦٠٠ كورسیەکەی پەرلەمانی توركیا، خاوەنی چوار كورسی پەرلەمانن.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2018، هەدەپە توانیی لە كۆی چوار كورسی، سێ كورسی بەدەست بهێنێت و ئاكەپەش یەك كورسی. بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییش، سەلاحەدین دەمیرتاش 72.1%ی بەدەست هێنا و رەجەب تەیب ئەردۆغانیش 21.2%ی دەنگەکان.
بەڵام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، هەدەپە دووچاری شۆك بوو، كاتێك سەرۆكی شارەوانی شرناخی لەدەستدا و ئاكەپە توانیی لەو شارەدا، سەرۆكی شارەوانی بباتەوە، ئەمەش وای كرد، ئاكەپە، بۆ هەڵبژاردنی 14ی ئایار، گرنگی بە دەنگدەری شرناخ بدات و چاویان لەوەیە دوو كورسی لە كۆی چوار كورسی ببەن، هەدەپەش دەیەوێت هەرچوار كورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت.
یەكێك لەو هۆكارانەی وای كرد ئاكەپە سەرۆكی شارەوانی بباتەوە، دوای شەڕی خەندەق، حكوومەت هەموو ئەو باڵەخانانەی نۆژەن كردەوە كە وێران ببوون، ئەمەش وای كرد دەنگدەر روو لە ئاكەپە بكات، بۆیە رەنگە ئەمە كاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی چواردەی ئایار هەبێت.
هەدەپە، بۆ ئەوەی بتوانێت هەر هیچ نەبێت وەكو 2018 سێ كورسی لە شرناخ مسۆگەر بكات، بەربژێری زۆر گرنگ و خۆشەویست لای خەڵك دیاری كردووە، بۆ نموونە ئایشەگوڵ دۆغان، كە كچی ئۆرهان دۆغان، پەرلەمانتاری پێشووی DEP سەر بە لیستی پارتی چەپی سەوزە بەربژێر كراوە.
ئۆرهان دۆغان، كاتێك لە 1991، لەگەڵ لەیلا زانا و هاوڕێكانی لە خولی 19 پەرلەمانی توركیا بوونە پەرلەمانتار، بەڵام بە تۆمەتی پروپاگندە بۆ پەكەكە، لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی تر خرانە زیندانەوە، ئۆرهان ئەوەندە ئەشكەنجە درابوو، دوای 10 ساڵ مانەوە لە زیندان و پاشان ئازادكردنی، بەهۆی خراپی رەوشی تەندروستی لە 2007، لە تەمەنی 51 ساڵاندا كۆچی دوایینی كرد.
وەكو ئەوەی ئایشەگوڵ قسەی بۆ ئاژانسی (BBC) توركی كردووە و دەڵێت: ”خەڵكی شرناخ ئاشتی و چارەسەركردنی كێشەی كوردی دەوێت، هەر
بۆیە پەرلەمانتاری كورد دەنێرێتە ناو پەرلەمانی توركیا و چاومان لەوەیە هەرچوار كورسییەكەی شرناخ ببەینەوە“.
ئایشەگوڵ، گەشبین نییە بەوەی فشارەكانی سەر كورد لەلایەن دەوڵەتی توركەوە كەم ببێتەوە یان نەمێنێت، ئەو پێشبینی دەكات، لە داهاتووش ئەو فشارانە زیاد بكەن.
ئەگەر ئاكەپە، توانیی لە شرناخ دوو كورسی بباتەوە، ئەمە پەیامێكی شرناخییەكان دەبێت بۆ هەدەپە، بەوەی شەڕی خەندەق زیانی پێ گەیاندوون و ئەوان شەڕیان ناوێت، بەڵكو دەیانەوێت پەرلەمانتارەكانی كورد، لەناو پەرلەمان شەڕی مافی كورد بكەن، نەك لە شەقامەكاندا.