لە ٩٨ كورسیەکەی ئەو شارە، كورد چاوی لە پانزەیانە

كارزان گلی – هه‌ولێر

زۆر جار باس لەوە دەكرێت، ئامەد قەڵای هەدەپەیە لە هەڵبژاردنەكاندا، چونكە لە هەموو هەڵبژاردنێكدا هەدەپە زۆرینەی كورسییەكانی ئامەدی بردووە، بەڵام قەڵا گەورەكەی كورد و هەدەپە ئیستانبۆڵە و هەدەپە رێژەی كورسییەكانی لە ئیستانبۆڵ لە ترۆپكدایە.

ئیسماعیل بێشكچی، نووسەری گەورەی توركیا و دۆستی كورد، لە سەروبەندی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، لەبارەی كوردستانی بوونی كەركووكەوە پرسیاریان لێی كرد و گوتی: ”ئاساییە لە كەركووكدا توركمان و عەرەب بوونی هەبێت، بەڵام دیموگرافیای كەركووك كوردستانییە. ئیستانبۆڵ لەڕووی دیموگرافیاوە سەر بە توركیایە، بەڵام زۆرترین كورد لەو شارەدا دەژین، ئایا دەكرێت كورد بڵێت ئیستانبۆڵ شارێكی كوردییە؟“
كەواتە ئەوە روون بووەتەوە، كە رێژەی دانیشتوانی كورد لە ئیستانبۆڵ، لە هەموو شارەكانی باكووری كوردستان زیاترە، بۆیە هەمیشە رێژەی كورسییەكانی هەدەپە لەو شارەدا بەرزە و خاوەن پێگەیەكی گرنگە.
ئیستانبۆڵ، لە كۆی 600 كورسی پەرلەمانی توركیا، 98 كورسی هەیە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2018، هەدەپە توانی 12 كورسی پەرلەمان بباتەوە، دەنگەكانی یەك ملیۆن و 195 هەزار و 602 دەنگ بوو.
بەڵام بۆ هەڵبژاردنی 14 ئایاری 2023، هەدەپە چاوی لەوەیە، رێژەی دەنگەكانی بەرز بكاتەوە و 15 كورسیی پەرلەمان ببات. پێگەی هەدەپە لە ئیستانبۆڵ، بەردەوام گرنگ بووە و بۆ گۆڕینی باڵانسی هێزیش رۆڵی سەرەكی هەبووە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 31_3_2019، هەدەپە، بۆ سەرۆكی شارەوانی هیچ بەربژێرێكی نەبوو، ئەوان پشتگیرییان لە بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت كرد، كە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو بوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئیمامئۆغڵو، بتوانێت بەسەر بیناڵی یڵدرمدا سەر كەوێت. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، كە هەدەپە، هێزێكە دەتوانێت باڵانسی هێز لە توركیا بگۆڕێت، وەكچۆن توانیی ئەو باڵانسە لە ئیستانبۆڵ لە بەرژەوەندی ئۆپۆزسیۆندا بگۆڕێت.
ئەگەر سەیری وتارێكی پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی هەدەپە بكەین دەڵێت: ”وەكچۆن لە 31_3_2019، توانیمان لە ئیستانبۆڵ شكست بە ئاكەپە بهێنین، لە 14 ئایاریش هەمان سیناریۆ دووبارە دەكەینەوە“.
پرسیارێك زۆربەی سیاسییەكان دەیكەن، ئایا لە ئیستانبۆڵ، ئەردۆغان دەیباتەوە، یان كلیچدارئۆغڵو؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی 2018 و رێژەی دەنگەكانی ئۆپۆزسیۆن و ئاكەپە وەربگرین.
ئاكەپە، لە كۆی 98 كورسی پەرلەمان، توانی 43 كورسی بەدەست بهێنێت، هەروەها هاوپەیمانەكەشی مەهەپە 8 كورسی. پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانیش جەهەپە 27، هەدەپە 12، پارتی خاس 8.
بە گوێرەی ئەم ئەنجامە بێت، ئاكەپە و مەهەپە، زۆرینەی ئیستانبۆڵن، بەڵام لە 2019 دەنگەكانی ئاكەپە كەمی كرد، بەڵگەش بۆ ئەمە، شارەوانی ئیستانبۆڵی دۆڕاند. جیا لەوەش، هەریەك لە پارتی ئاییندە و پارتی دەوا، بۆ ئەم هەڵبژاردنە، بۆ یەكەمجارە دێنە ناو هەڵبژاردن و بەگوێرەی پێشبینییەكان، بە هەردوو پارت، دەتوانن 5 كورسی پەرلەمان ببەن.
ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنی 2019 بە بنەما وەربگرین، ئاكەپە و مەهەپە لە ئیستانبۆڵ دۆڕاون، بۆیە گوتەیەكی رەجەی تەییب ئەردۆغان زۆر گرنگە، كاتێك لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتردا دەیگوت: ”لە هەڵبژاردندا كێ ئیستانبۆڵ بباتەوە، كەواتە هەموو توركیای بردووەتەوە“
لە هەڵبژاردنی 2019، ئۆپۆزسیۆن، بە پاڵپشتی هەدەپە، ئیستانبۆڵی بردەوە، ئەگەر لە 2023ش ئۆپۆزسیۆن توانیی كورسیی سەرۆكایەتی و زۆرینەی پەرلەمان ببات، گوتەكەی ئەردۆغان دەبێتە راست و ئیستانبۆڵ یەكلاكەرەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنە.