ئۆپەراسۆنێکی نێودەوڵەتی دژی دارک نێت ئەنجامدرا و 288 تۆمەتبار دەستگیرکران


ئاژانسی جێبەجێکردنی یاسای ئەکێتی ئەوروپا  “یۆرۆپۆل” ئۆپەراسیۆنێکی نێودەوڵەتی ئەنجامدا، کە بووە هۆی داخستنی ماڵپەڕێکی دیار لە  تۆڕی ئینتەرنێتی دارک نێت، هەروەها دەستگیرکردنی 288 تۆمەتبار و دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 50 ملیۆن یۆرۆ بە کاش و دراوی ئەلیکترۆنی.

ئاژانسەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە کە ناوی “سپێکتر” بووە و دەسەڵاتدارانی جێبەجێکردنی یاسای ئەمەریکی، بەریتانیا، بەرازیلی و ئەوروپی تێیدا بەشداربوون، بووە هۆی دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی تۆنێک ماددەی هۆشبەر و 117 پارچە چەک.

 لە راگەیەندراوەکەی ئاژانسەکەدا هاتووە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە نۆ وڵات بەشدارییان تێدا کردووە، دەسەڵاتدارانی جێبەجێکردنی یاسا دەستیان بەسەر وێب سایتی دارک نێتدا گرتووە، هەروەها 288 تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە تێوەگلاون لە کڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە دارک نێت.

دەزگای جێبەجێکردنی یاسای ئەوروپی دەڵێت “لە ئەنجامدا 288 کڕیار و فرۆشیار کە تێوەگلاون لە دەیان هەزار فرۆشتنی کاڵای نایاسایی لە سەرانسەری ئەوروپا، بەریتانیا، ئەمریکا و بەرازیل دەستگیرکراون”.

زۆرترین ژمارەی دەستگیرکردن لە ئەمەریکا بووە بە 153 کەس، لە بەریتانیا 55 کەس، لە ئەڵمانیا 52 کەس و لە هۆڵەندا 10 کەس دەستگیرکراون.

یۆرۆپۆل ئاماژەی بەوەدا کە پۆلیس دەستی بەسەر بڕی 50.8 ملیۆن یۆرۆ (53.4 ملیۆن دۆلار) لە کاش و دراوی ئەلیکترۆنیدا گرتووە، هەروەها دەستی بەسەر 850 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتووە کە زۆربەیان لە دەرمانی ئەمفیتامین پێکهاتبوون.

هەروەها پۆلیس دەستی بەسەر بڕی 43 کیلۆ کۆکاین و 43 کیلۆگرام مادەی ئێم دی ئێم ئەی و زیاتر لە 10 کیلۆ ئێڵ ئێس دی و حەبی ئێکستازیدا گرتووە.

کاترین دیپۆل، بەڕێوەبەری یۆرۆپۆل دەڵێت: “هاوپەیمانیمان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی جێبەجێکردنی یاسا لە سێ کیشوەردا دەیسەلمێنێت کە ئێمە کاریگەرتر دەبین کاتێک پێکەوە کاردەکەین”.