ئەمەریکا رایگەیاند، ناتوانێ پشتڕاستی بکاتەوە کە تورکیا سەرکردەی رێکخراوی داعش، ئەبو حوسێن حوسێنی قوڕەشی، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کوشتبێت، وەزیری دەرەوەی تورکیاش دەڵێت: لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا هێزەکانی وڵاتەکەی 17 هەزار تیرۆریستیان کوشتووە.
رۆژی دووشەممە رابردوو، سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، رایگەیاند، هەواڵگری وڵاتەکەیان لە یۆپەراسیۆنێکدا رێبەری داعشیان لە رۆژئاوا کردووەتە ئامانج. لەسەر هەمان بابەت ئەمەریکا رایدەگەیێنێت، ناتوانن کوشتنی رێبەری داعش لەلایەن تورکیا پشتڕاست بکەنەوە.
هەواڵگریی تورکیا وردەکارییەکانی کوشتنی قوڕەشی سەرکردەی داعشی ئاشکرا کرد و دەڵێت: لە ئۆپەراسیۆنێکی چوار کاتژمێرییدا، لە ترسی دەستگیرکردنی خۆی بە پشتێنێکی بۆمبڕێژکراو تەقاندەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی “ئەنادۆڵ”، هەواڵگری تورکیا زانیاریان پێگەیشتووە کە ئەبو حوسێن حوسێنی خەلیفەی نوێی “داعش”، لە شارۆچکەی جێندێرس لە شاری عەفرین لە باکووری سووریایە، لە خانوویەکدایە کە ژێرزەمینیی خۆدزینەوە تیدایە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک هێزە ئەمنیەکان هێرش دەکەنە سەرخانووەکە داوایان لە “قوڕەیشی”ی کردووە خۆی رادەست بکات، بەڵام هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە، دواتر کە چوونە ژوورەوە، سەرکردەکەی داعش پشتێنە بۆمبرێژکراوەکەی تەقاندەوە.