لە دوو هەڵبژاردنی ساڵانی حەفتا و هەشتاكاندا، شاری وانی باكووری كوردستان، یەكلاكەرەوە بووە و دەنگی دەنگدەرانی ئەو شارە، بووەتە كلیلی كردنەوەی دەرگای سەرۆكوەزیران لە كۆشكی چەنكایە. بۆ هەڵبژاردنی 14ی ئایاریش، شەڕی گەورەی ئاكەپە و هەدەپە، لەو شارە دەستی پێكردووە و بانگەشەی هەڵبژاردن سەختتر بووەتەوە.
لە هەڵبژاردنی 1972، شاری وان توانیی فەرید مێلان، بكاتە سەرۆكوەزیرانی توركیا و فڕۆكەخانەی ئێستای ئەو شارەش هەر بە ناوی فەریدەوە كراوە، چونكە خەڵكی وان زۆریان خۆشدەویست و هەموو ساڵێك یادی كۆچكردنی دەكەنەوە.
خەڵكی وان، هەرگیز ئەو كەسانە لەبیر ناكەن كە خزمەتیان بە شارەكە كردووە، بۆ نموونە، تورگوت ئۆزاڵ، سەرۆك وەزیرانی كۆچكردووی توركیا هەمیشە لەلایان ناوێكی زیندووە، هەروەها كینیاس كارتاڵ، كە لەسەر بازنەی وان بووە پەرلەمانتار و حوسێن چەلیكیش، كە وەزیری پێشووتری پەروەردەی توركیا بووە لەسەر لیستی ئاكەپە، ئەو ناوانە خزمەتی وانیان كردووە و خەڵكەكەش بەردەوام یادیان دەكەنەوە.
وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، لە دوای 2014وە، دەنگی ئاكەپە لە وانی باكووری كوردستان كەمی كردووە، بۆیە ئەمە هۆكارە كە حكوومەت شارەكەی ئیهمال كردووە و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ نەبردووە، بەڵام ئاكەپە، دەیەوێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەڵێنی جۆراوجۆر بە وانییەكان بدات و دەنگی ئەو شارە بۆ خۆی رابكێشێت.
وان لە هەر سەردەمێكدا، وەكوو قەڵای پارتێكی سیاسی بووە، بۆ نموونە بەر لە كودەتای 1980، وەكوو قەڵای جەهەپە بووە، پاشان بووەتە قەڵای پارتەكەی تورگوت ئۆزاڵ و پاشان پارتی رەفاح، بە سەركردایەتی نەجمەدین ئەربەكان.
بەڵام لە 2007، دەنگدەری ئەو شارە روویان لەو پەرلەمانتارانە كرد، كە بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان بەربژێر كردبوو و كورد بوون.
لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2018، سەلاحەدین دەمیرتاش، توانی 58.4%ی دەنگەكانی وان ببات و رەجەب تەییب ئەردۆغانیش 35.4%ی دەنگەكانی برد، هەروەها لە كۆی هەشت كورسی پەرلەمان، هەدەپە پێنجی برد و ئاكەپەش سێ كورسی، ئەمەش دەریدەخات كە هەدەپە لەوان لە پێش پارتی دەسەڵاتەوەیە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێكی ئاژانسی (BBC)، دەنگدەری وان، بەشێكی زۆریان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا دەنگ بە كەمال كلیچدارئۆغڵو دەدەن، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیش دیسان هەدەپە یەكەمە و زۆرترین كورسی دەبات.
پێشبینییەكانی دابەشبوونی كورسییەكانی وان بەم شێوەیەن:
هەدەپە شەش كورسی، ئاكەپە دوو كورسی. هەروەها باس لە ئەگەرێكی تریش دەكرێت، بەوەی هەدەپە پێنج كورسی و ئاكەپە دوو كورسی و جەهەپە یەك كورسی. لە هەموو ئەگەرێكدا شاری وان زۆرینەی روو لە هەدەپە دەكەن.
ئەمیر پۆڵاتەر، كرێكارە دایكی و منداڵە بچووكەكانی هێناوەتە پاركێكی وان، ئەو دەڵێت، چاوی خۆم دەنووقێنم و دەنگ بە كلیچدارئۆغڵو و هەدەپە دەدەم.
پڵاتەر قسەی بۆ ئاژانسی ناوبراو كردووە و دەڵێت: ”لە دوو ساڵی یەكەمدا ئاكەپە زۆر باش بوو، نەخۆشخانەی بۆ دروست دەكردین و پارەی زۆر باشمان قازانج دەكرد، بەڵام ئێستا بێكارین و باری داراییمان خراپە. ئەفغانی و سوورییان هێناوەتە شارەكە و خاوەن كار هەمان پارە بە تۆ دەدات بۆ كاركردن، كە دەیداتە سووری و ئەفغانییەكە، بۆیە بەكەمترین كرێ كارمان پێدەكەن و لەم هەڵبژاردنە دەمانەوێت دەسەڵاتی ئێستا بگۆڕین“.
كاتێك فڕۆكەخانەی وان دروست كراوە، هەر رۆژە و جەنازەی كرێكارێك دەهاتەوە، هۆكارەكەشی ئەوە بووە، كرێكارەكانی وان تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 17 ساڵی بووە و بەهۆی هەژارییەوە كرێكاریان كردووە و هیچ شتێكیشیان لە كاری كرێكاری نەزانیوە، بۆیە كاتێك دەستیان بەكاركردن كردووە، لەسەر باڵەخانەكاندا كەتوونەتە خوارەوە.
بەگوێرەی گوتەی عەبدولقادر ئینجە، كە شارەزای بواری گەشتیارییە، ئێستاش كێشەی بێكاری و هەژاری كێشەیەكی گەورەی وانە، بۆیە منداڵانیان تەمەنی نەبووەتە 18 ساڵ، كاری كرێكاریان پێدەكەن و هەواڵی مردنی كرێكاری منداڵ ئێستاش لە واندا زۆرە.
هەدەپە، كە لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز دەچێتە ناو هەڵبژاردنی 14ی ئایار، هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات، تا بتوانێت هەر هەشت كورسییەكەی وان ببات، بۆ ئەمەشیان بانگەشەیەكی گەورەی لە وان دەستپێكردووە.
باشاك دەمیرتاش، كاتێك میتینگی لە وان ئەنجامدا، داوای لێكردن دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن، چونكە سەلامی دەمیرتاشم لە زیندانەوە بۆ هێناون. ئەم گوتەیەی باشاك، جۆش و خرۆشی دایە دەنگدەر و هەموو هاواریان دەكرد ”سەرۆك دەمیرتاش، سەرۆك دەمیرتاش“.
بەڵام بردنەوەی هەدەپە، هەشت بە هیچ، ئەستەمە و ئەگەر بانگەیەشەكی گەورە و هەموو توانای خۆشیان بخەنە گەڕ لە وان، رەنگە بتوانن حەوت كورسی ببەن و ئاكەپە كورسییەكی ئەو شارەی مسۆگەرە.
مەهەپە، كە پارتێكی رەگەزپەرست و دژە كوردە، لە ساڵی 1999، توانیی كورسییەكی شاری وان ببات، هەروەها لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2018، توانی 3%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، چونكە عەشیرەتی ئێرجیش لە وان، رەگیان ئازەرییە و مەهەپەیین و دەنگی پێ دەدەن.
هۆكاری ئەوەی، لە 2018، ئاكەپە توانی سێ كورسی ببات، بەشداریكردنی ئاكەپە و مەهەپە بوو بە بەیەك لیست لە هەڵبژاردندا، ئەوكات دەنگەكانی مەهەپە بۆ ئاكەپە چوو، بەڵام ئەمجارەیان بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی توركیا، دەبێت مەهەپە بە جیا و ئاكەپەش بە جیا بەشداری بكەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی دەنگەكانی مەهەپە هیچ سوودێكی بۆ ئاكەپە نەبێت و هەروەها مەهەپەش ناتوانێت بەو رێژە دەنگە، كورسییەكی پەرلەمان بباتەوە.