هۆشداری لە قەیرانی مرۆیی لە سوودان دەدرێت

رێکخراوی خۆراکی جیھانی ھۆشداری دا، لەوەی ئەو توندوتیژیەی لە سوودان سەری ھەڵداوە، دەبێتە ھۆکاری قەیرانی مرۆیی لە تەواوی رۆژھەڵاتی ئەفریقیا.

مارتین فریک بەڕێوەبەری رێکخراوی خۆراکی جیھانی لە ئەڵمانیا بە ئاژانسی ھەواڵی ئەڵمانیای گوت: بەر لە شەڕ و پێکدادانەکان، سێیەکی دانیشتوانی سوودان بەدەست برسیتیەوە دەیانناڵاند، ئێستاش هیچ شتیک نەماوە و نرخی خواردەمەنی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی سوودان، هەردوو وڵاتی چاد و باشووری سوودان پێشوازیان لە هەزاران پەنابەری سوودانی کردووە، کە بەهۆی شەڕەوە ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە.

فریک ئاماژەی بەوەشکرد، لە باشووری سوودان لەهەندێک شوێن لافاوە لەهەندێک شوێنی دیکە وشکە ساڵیە، هەروەها لەماوەیەکی کەمدا نرخی خۆراک لەسەدا 28 بەرزبووەتەوە.

رێکخراوی خۆراکی جیهانی ئەوەشی راگەیاند، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکان، 7.6 ملیۆن کەس لە سوودان پێویستیان بە هاوکاریی هەیە.

فریک جەختی لەوەشکردەوە، ئەو پەنابەرانەی داوای پەنابەریان لە باشووری سوودان کردووە، ئافرەتانی سک پڕ و منداڵن، کە بەدەست بەدخۆراکیەوە دەناڵێنن، هیچ شتێکیان بۆ نەماوەتەوە بەبێ هاوکاری پرۆگرامی خۆراکی جیهانی.

شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، پێی نایە هەفتەی سێیەمەوە، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 کەس کوژراون و بە هەزاران کەسیش برینداربوونە.