گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، کۆمیسیۆنی ئەوروپی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی دۆخی سوودان زیاتر نەتەقێتەوە.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، بەرپرسانی ئەوروپا هەوڵەکانیان دوو هێندە کردووە بۆ نێوەندگیری لەنێوان لایەنە ناکۆکەکاندا، بۆ ئەوەی بگەنە ئاگربەستێکی هەمیشەیی.
جان لینت، گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، گواستنەوەی باڵیۆزی ئەوروپا بۆ جیبۆتی کاریگەری لەسەر ئەم هەوڵە نێوەندگیرییانە نییە، چونکە لەبەر دۆخی ناجێگیری سوودان ئەوان کارەکانیان لە وڵاتی جیبۆتی دەکەن.
ئایدن ئۆهارا، باڵیۆزی ئەوروپا لە خەرتوم، دەڵێت: رۆژێک پێش بڕیاری گواستنەوەیان بۆ جیبۆتی لە شوێنی نیشتەجێبوونیدا، هێرش کراوەتە سەر، ئەو هێرشە بووە هۆی ئەوەی کە بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، جۆزێف بۆرێل، ئیدانەی بکات، بەبێ ئەوەی باسی لایەنی دەستدرێژکار بکات.
گوتیشی، ئاسایشی بارەگا دیپلۆماسییەکان و نوێنەرایەتییەکان بەرپرسیارێتی و ئەرکی دەسەڵاتدارانی سوودانە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
جان لینت، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی نزیک کە بەرپرسانی ئەوروپا کاری لەسەر دەکەن، بەشداریکردنە لە گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی لە سوودان، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوروپییەکان لەگەڵ هاوبەشەکانیان کاردەکەن بۆ گەیشتن بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی فراوان لەم بوارەدا”.
ئەو جەختیشی لەوە کردەوە، جۆزێف بۆرێل لە سەرەتای شەڕەکەوە پەیوەندی بە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان لەنێویاندا جەنەڕاڵ بورهان و حەمیدتی دەکات، جگە لە سەرۆکی کینیا، هەروەها وەزیرانی دەرەوەی سعوودیە، ئیمارات، میسر و بەریتانیا.
گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا داوای لە هەردوو لایەنی ململانێکان کرد پابەندبن بە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی، هاوکات هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی، پێیشی وابوو رووداوەکانی ئەم دواییە دەسکەوتەکانی گواستنەوە بۆ حکومەتێکی مەدەنی دیموکراسی دەخاتە مەترسییەوە.
یورگن کۆسی، جێگری پارتەکەی شوڵتز راوێژکاری ئەڵمانیا کە پسپۆڕە لە کاروباری رۆژهەڵاتی ئەفریقا، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، گرنگترین خاڵ، دەبێت رێگریبکرێت لە گەیشتنی چەکی زیاتر بۆ سوودان”.