ساڵی ڕابردوو نزیکەی 9 هەزار حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی لەناو سوپای ئەمریکا تۆمار کراون

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن)، ڕاپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە دەستدرێژی سێکسی لە ساڵی 2022 لەناو سوپای ئەمریکا بڵاو کردۆتەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە 8 هەزار و 942  حاڵەت تۆمار کراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە کۆی ئەو حاڵەتانە 5 هەزار و 941 حاڵەت بە فەرماندەیی و هێزەکانی بەرگریی ڕاگەیەنراون، 3 هەزار و یەک حاڵەتیشیان تاوەکو ئێستا بەنهێنی ماونەتەوە، بەڵام وەک حاڵەتەکانی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و دەروونی تۆمار کراون.

7 هەزار و 958 حاڵەتیان لەلایەن سەرباز، 44 حاڵەت لەلایەن کارمەندانی مەدەنی وەزارەت، 698 حاڵەت لەلایەن کارمەندانی مەدەنی دیکە، 14 حاڵەت لەلایەن کارمەندانی گرێبەست، 41 حاڵەت لەلایەن سەربازانی بیانییەوە ئەنجامدراون و 187 حاڵەتیشیان ئەنجامدەرەکانیان نادیارە.

لە کۆی ئەو 8 هەزار و 942 حاڵەتەی کە تۆمار کراون، دادگە لە بارەی 3 هەزار و 928 حاڵەتییانەوە گەیشتووەتە ئەنجام، لەو ژمارەیەش 3 هەزار و 188 حاڵەتیان لەلایەن فەرماندەیی پەیوەندیدارەوە لێکۆڵینەوەیان لێکراوە.

فەرماندەیی پەیوەندیدار دەربارەی 2 هەزار و 117 حاڵەتیان، بەڵگەی پێویستی بەدەستهێناوە، هەزار و 31 حاڵەتیشیانی ناردووە بۆ دەسەڵاتی دادوەری و 40 حاڵەتیشیان بێبنەما دەرچوون.