ئه‌مه‌ریكییه‌كی تر له‌ سوودان كوژرا

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م كۆشكی سپی كوژرانی هاووڵاتییه‌كی تری ئه‌مه‌ریكی له‌ سوودان ڕاگه‌یاند، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ رۆژی هه‌ینی ڕابردوو له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان له‌نێوان سوپای سوودان و هێزه‌كانی پشتیوانی خێرا، هاووڵاتییه‌كی ئه‌مه‌ریكی هاتبووه‌ كوشتن.

كۆشكی سپی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ چوارشه‌م دووه‌م هاووڵاتی ئه‌مه‌ریكی له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی سوپای سوودان و هێزه‌كانی پشتیوانی خێرا له‌ خه‌رتوومی پایته‌خت هاته‌ كوشتن.

ڕاشیگه‌یاند: هه‌رچه‌نده‌ دوای ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌نی شه‌ڕكه‌ر، كوشتن و توندوتیژییه‌كان كه‌میان كردووه‌، به‌ڵام هێشتا سه‌رپێچی هه‌یه‌ و ناوه ‌ناوه‌ و له‌ هه‌ندێ شوێن شه‌ڕ هه‌ر به‌رده‌وامه‌.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ئێمه‌ داوا ده‌كه‌ین كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی سه‌ربازی له‌ وڵاتی سوودان بهێنرێت و حكوومه‌تێكی مه‌ده‌نی پێكبهێنرێت.

كۆشكی سپی پێشتر له‌ رۆژی هه‌ینی ڕابردوودا ڕایگه‌یاندبوو كه‌ هاووڵاتییه‌كیان له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕ و پێكدادانه‌ ڕاسته‌وخۆكانی نێوان هێزه‌كانی سوپای سوودان و پشتیوانی خێرا له‌ شاری خه‌رتوومی پایته‌خت كوژرابوو.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ نافه‌رمییه‌كان له‌ ئه‌نجامی به‌رده‌وامی شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ سه‌ربازییه‌كان تا ئێستا نزیكه‌ی 500 كه‌س له‌ سوودان كوژراون و هه‌زاران هاووڵاتی تریش بێ حاڵ و ماڵ و ده‌ربه‌ده‌ربوون.