ئیدارەی بایدن ترسیان هەیە لەوەی ئۆکرانیا لە هێرشی بەهارەدا شکست بهێنێت

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دەستپێکردنی هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئۆکرانیا بۆ سەر رووسیا، پرسیار و چاوەڕوانییەکان سەبارەت بە ئەگەری شکستی ئەم هێرشە و کاردانەوەکانی لەسەر ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکان، زیاتر بوون.

رۆژنامەی پۆلیتیکۆ دەڵێت: ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ترسیان هەیە لە کاردانەوەی هێرشەکەی ئۆکرانیا، ئاماژەی بەوەشدا، ئیدارەی بایدن بە هێمنی خۆی بۆ ئەو ئەگەرە ئامادە دەکات کە ئەگەر هێرشی پێچەوانە لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبێت، رەخنەگرانی ناوخۆ و هاوپەیمانەکانی دەرەوەی وڵات دەڵێن ئەمەریکاش شکستی هێناوە.

لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، باسی دۆخەکەی کرد، دوای ئەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ناتۆ باسیان لە دابینکردنی کەرەستەی پێویست بۆ ئۆکرانیا بۆ شەڕە چاوەڕوانکراوەکە دەکرد و نیگەرانییان دەربڕی لەوەی کە ڕەنگە ئەو پێداویستیانە بەردەوام نەبن.

جۆن هاردی، جێگری بەڕێوەبەری پرۆگرامی رووسیا لە دامەزراوەی دیموکراتەکان، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند: “هێرشی ئۆکرانیا چانسی سەرکەوتنی باشی هەیە، بەڵام بێگومان سەرکەوتن هەرگیز گەرەنتی ناکرێت”.

هاردی ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆکرانیا رووبەڕووی بەرگرییەکی پتەوی رووسیا دەبێتەوە، بۆیە رەنگە رووبەڕووبوونەوەکە بەو خێراییە و سەرکەوتووانە نەبێت کە هاوینی رابردوو روویدا.

دەشڵێت: دەبێت هەموو ئەو شتانە بۆ ئۆکرانیا دابین بکەین کە بۆ سەرکەوتن پێویستیانە، لەوانە ئۆتۆمبێلی شەڕکەری زرێپۆشی زیاتر، ئامێری پردکردن و لابردنی مین، توانای لێدانی مەودای دوور، بەرگری ئاسمانی و تەقەمەنی تۆپخانە.

ئیدارەی بایدن پشتگیرییەکی بێوچان پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکات و بەڵێن دەدات کە بۆ ماوەیەکی زۆر پێویستە چەک و هاوکاری ئابووری پێشکەشی ئۆکرانیا بکات.

بەڵام ئەگەر هێرشە نزیکەکە تەنیا دەستکەوتێکی سنووردار بەدەستبهێنێت، بەرپرسانی ئیدارەکەی ترسیان هەیە رووبەڕووی رەخنەی توند دەبنەوە، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە.

هاردی دەڵێت: “خەڵکێکی زۆر لە رۆژئاوا چاویان لە هێرشی بەرپەرچدانەوەیە بۆ دیاریکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو”، ئەگەر هێرشەکە سەرکەوتوو بێت، پێدەچێت ئیلهامبەخش بێت بۆ یارمەتیدانی زیاتری رۆژئاوا.

هەروەها ئەگەر شکستی هێنا، رەنگە هەندێک لە داڕێژەرانی سیاسەتی رۆژئاوا داوای دانوستانەکانی ئاشتی پێشوەختە بکەن لە کاتێکدا پوتن خواستی ئاشتی راستەقینەی نیشان نەداوە.

بەگوێرەی راپۆرتی پۆلیتیکۆ، ئیدارەی بایدن جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی هێرشی بەهارە سەرکەوتوو بێت، یەکێک لەو بەرپرسانە کە ناسنامەکەی ئاشکرا نەکردووە، گوتی: نزیک بووینەتەوە لە تەواوکردنی داواکارییەکان ئۆکرانیا لەوەی پێویستیانە بۆ هێرشی بەرپەرچدانەوە.