هودا پار و مەهەپە چۆن لەسەر پرسی كورد رێك دەكەون؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

هەموو ئەو داواكاریانەی هودا پار هەیەتی بۆ ئەم هەڵبژاردنە، بۆ ئەوەی دەنگ بە رەجەب تەیب ئەردۆغان بدات، پێچەوانەوەی ئایدۆلۆژیای مەهەپەیە، چونكە هودا پار، دەڵێت دەبێت پرسی كورد لە توركیا چارەسەر بكرێت و هەروەها رێگەش بدەن كوردانی باكوور بە زمانی خۆیان بخوێنن، بەڵام مەهەپە، بە هەموو شێوەیەك دژی كوردە و دەڵێت لە توركیا شتێك نییە بە ناوی كورد؛ بۆیە دەنگدەر دەپرسێت، ئەی چی ئەو دوو پارتەی لەناو هاوپەیمانیی (كۆماری) كۆ كردووەتەوە و چۆن دەستیان خستە ناو دەستی یەكتری؟

هودا پار، لە پروپاگەندەی هەڵبژاردن و كارنامەی هەڵبژاردنیدا، دەڵێت پێویستە رێگە بدرێت كورد بە زمانی خۆی بخوێنێت، هەروەها پرسی كورد چارەسەر بكرێت و ئیتر لە توركیا شتێك نەمێنێت بە ناوی ئەوەی ”چەند بەختەوەرە ئەو كەسەی دەڵێت من توركم“، هەروەها دەڵێت پێویستە لەناو پەرلەمانی توركیا، زمانی كورد بە فەرمی دانی پێدا بنرێت.
بەڵام مەهەپە، دان بە بوونی كورددا نانێت لە توركیا و دەڵێت، كوردەكان توركی شاخین، ئیتر چۆن ئاكەپە و خودی رەجەب تەیب ئەردۆغان، توانیی هەردوو پارت لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی كۆماریدا جێ بكاتەوە؟
هودا پار، راستگۆ نییە كاتێك باس لە چارەسەركردنی پرسی كورد دەكات، چونكە ئەو پارتە درێژكراوەی حیزبوڵڵایە و لە ساڵانی نەوەدەكاندا، سەدان كوردیان بە نهێنی لە باكووری كوردستان بۆ دەوڵەتی توركیا كوشتووە.
ئەو پارتە، لەلای باكوورییەكان وەكو دژمن سەیر دەكرێت و هەرگیز وەكو پارتێك نابینرێت كە بۆ پرسی كورد سیاسەت بكات.
لایەنگرانی هودا پار، ١٥٠هەزار دەنگدەرە، دەنگدەرەكان زۆر توندڕەون، هەر چەند رۆژێک لەمەوبەر یەكێك لە لایەنگرانی ئەو پارتە لە ئامەد گوتی ”ئێمە سەر دەبڕین و سڵ لە هیچ ناكەینەوە“ بۆیە ئەردۆغان، دەیەوێت ئەو پارتە بەكار بهێنێت بۆ كۆكردنەوەی دەنگی كوردە موحافیزكارەكان.
بەگوێرەی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی، ئەردۆغان دەیەوێت لە رێگەی هودا پارەوە، لە كوردە موحافیزكارەكان نزیك ببێتەوە، هەروەها لەو رێگەیەوە دەیەوێت لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا دەنگی موحافیزكارەكان مسۆگەر بكات.
مەهەپە، بەهیچ شێوەیەك بە خراپە باسی هودا پار ناكات، ئەگەرچی هودا پار دەڵێت، دەبێت دان بە زمانی كوردیدا بنرێت، بەڵام دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە لە وتارێكدا، بە شان و باڵی هودا پاری هەڵدا و گوتی، وەكوو هەدەپە تیرۆرست نین.
ئەمەش دەریدەخات، كە هودا پار، هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە تا رەجەب تەییب ئەردۆغان، ببێتەوە بە سەركۆماری توركیا، پرسی كورد بابەتێكی جیدی نییە بەلایانەوە.
بەڵام، چەند میدیایەكی توركیا و چەند دەزگایەكی راپرسی لە توركیا بڵاویان كردووەتەوە، نزیكبوونەوەی ئاكەپە و مەهەپە لە هودا پار، زیانی زۆری بۆ ئەوان دەبێت، چونكە هودا پار، مێژوویەكی زۆر توند و خراپی هەیە لە باكووری كوردستان، ئەمەش وا دەكات كوردەكان بەهۆی نزیكبوونەوەی ئاكەپە لە هودا پار، دەنگ بە ئەردۆغان و پارتەكەی نەدەن، بەتایبەت ئافرەتان، چونكە هودا پار، بە ئاشكرا دژی مافی ئافرەتە و دەڵێن، نابێت باس لە یەكسانیی نێوان پیاو و ژن بكرێت.
كەواتە دەگەینە ئەو ئەنجامەی، كە هودا پار، دەیەوێت لە باكووری كوردستان، لەژێر ناوی داكۆكیكردن لە پرسی كورد و زمانەكەی، دەنگ بۆ ئەردۆغان كۆ بكاتەوە، چونكە هەموو توركێك و كوردێك لە ناوەوە و دەرەوەی توركیا دەزانن، ئەگەر هودا پار بەدڵ و بە كردار هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافی كورد بدات، مەهەپە بە هەموو شێوەیەك رەتی دەكاتەوە و نایەڵێت ئەردۆغان، ئەو پارتە بهێنێتە ناو هاوپەیمانییەتەكەیانەوە.