بەهۆی لافاوەوە 140 هەزار سۆماڵی ماڵەکانیان جێهێشتووە

نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە، بەهۆی ئەو لافاوە گەورەیەی  لە ناوەڕاستی مانگی ئادارەوە وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە 140 هەزار کەس ناچاربوون ماڵەکانیان لە سۆماڵ بەجێبهێڵن، هەروەها ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دا لە برسێتییەکی بەکۆمەڵ لەم وڵاتە.

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فریاگوزاری لە قەیرانەکان رایگەیاند،  نزیکەی 175 هەزار کەس بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە لە و وڵاتەدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی لافاوێکی لەناکاوەوە ناوچەکانی گێدۆ و بای، لە باشووری سۆماڵ زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.

پێدەچێت کەشوهەوا و کۆلێرا و نەخۆشیەکانی دیکە کە لە رێگەی ئاوی پیسەوە بڵاودەبنەوە دۆخی مرۆیی خراپتر بکات، هەروەها سەنتەری خزمەتگوزاری کەشوهەوای رۆژهەڵاتی ئەفریقا پێشبینی دەکات وەرزی بارانبارینی ئێستا لە خوار ئاستی مامناوەندەوە بێت و هۆشداری دەدات لەوەی وشکەساڵی بە کەشوهەوای تەڕ کۆتایی نایەت.

نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاند، کە لە ناوەڕاستی ساڵی 2021ەوە، نزیکەی چوار ملیۆن ئاژەڵ و بزن لە ئەنجامی وشکەساڵی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 17 ملیۆن کەس لەو وڵاتە بەدەست کەمی خۆراکەوە دەناڵێنن.

ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مەقدیشۆ رایگەیاند، ساڵی رابردوولە سۆماڵ بەهۆی وشکەساڵی وبرسێتیەوە 43 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

روونیشیکردەوە، نزیکەی 8.3 ملیۆن سۆماڵی پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی بەپەلە هەیە، تەنها لە 15% پێویستیە هاوکارییەکان بە بەهای 2.6 ملیار دۆلار بۆ ئەمساڵ جێبەجێکراوە.