شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان سەریهەڵدا

شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا (HDK) لە خەرتوومی پایتەخت و چەند شارێکی سوودان سەریهەڵدا.

شەڕە قسەی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان کە چەند مانگێکە سەریهەڵداوە، گۆڕا بۆ شەڕ و پێکدادانی تووند لەنێوان ئەو دوو هێزەدا.

لە ناوچەکانی ئەرکەویت و شاری وەرزش و ئەو ناوچانەی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا و بارەگای سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەریی و فەرماندەی سوپا، عەبدولفەتاح ئەلبورهانی لێیە، دەنگی تەقە دەبیسترێت.

دوای ئەوەی کاتژمێر 09:30 لە ناوچە جیاوازەکانی پایتەخت پێکدادانی سەریهەڵدا و تیایدا چەکی قورس بەکارهێنرا، لە چەند شوێنێک دووکەڵی چڕ بەرزدەبێتەوە.

لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی خەرتووم جموجۆڵی زۆر هەیە و دەنگی پێکدادان دەبیسترێت.

هەروەها لە شارەکانی ئومدورمان، بەحری و باکووری مەراوی دەنگی تەقە و پێکدادان دەبیسترێت.

باڵیۆزخانەی تورکیا لە خەرتووم لە راگەیەندراوێکدا داوای لە هاووڵاتییان کردووە کە تا رەوشەکە هێور دەبێتەوە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و ئەگەر پێویست نەبوو گەشت نەکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ “دەردەکەوێت لە خەرتوومی پایتەخت و چەند ناوچەیەکی سوودان شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵداوە. داوا لە هاووڵاتییانمان دەکەین هەتا ئاساییبوونەوەی رەوشەکە نەیەنە دەرەوە و لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و ئەگەر بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبێت لە ناوخۆی وڵات گەشت نەکەن”.

لە پاش زنجیرەیەک ناکۆکی لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لەسەر چاکسازی ئەمنیی سەربازیی، بارگرژیی لە سوودان سەریهەڵداوە.

یەکێک لە بڕگە گرنگەکانی چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لە پێنجی کانوونی دووەمی 2022دا واژووکرا، تایبەتە بە چارەسەرکردنی چاکسازیی ئەمنی کە دامەزراندنی یەک سوپای نیشتمانیی ئەویش بە چوونە ناوەوەی تەواوەتی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ ناو سوپا و وازهێنانی سوپا لە چالاکییە بازرگانی و سیاسییەکان و کشانەوە بۆ سەربازگەکان لە خۆدەگرێت، لەگەڵ قەیرانی بەڕێوەبردن و ناکۆکی سەربازیی-مەدەنی کە لە ساڵی 2021ەوە بەردەوامە.

لە کاتێکدا جەنەراڵ عەبدولفەتاح ئەلبورهان، فەرماندەی سوپای سوودان،  سوورە لەسەر ئەوەی پێکهاتەی ئێستای هێزەکانی پشتیوانی خێرا بچنە ناو سوپاوە، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، جەنەراڵ محەمەد حەمدان داگالو باس لەوە دەکات کە ئەوان دژایەتی یەکگرتن ناکەن، بەڵکو دەیانەوێت لەژێر ئیدارەیەکی تەواو مەدەنیدا رووبدات.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە لە دەیان هەزار ئەندامی هەیە، لە سەردەمی رژێمی پێشووی سووداندا بەمەبەستی شەڕکردن لە دژی یاخیبووان لە دارفۆر، پاراستنی سنوورەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایش لەسەر شێوەی میلیشیا دروستکرا و لە ساڵی 2013دا بە رێکخستنی هەواڵگریی و ئەمنییەوە گرێدرا.

سوپای سوودان پێیوایە هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە وەک سوپای هاوتەریب کار دەکات، جموجووڵی ئەندامانیان لە پایتەخت و چەند شارێک و جێگیربوونیان لە هەندێک پێگەدا مەترسی ئەمنیی دروستکردووە و بوونەتە هەڕەشە، کە ئەوانەش کۆمەڵێک کاری نایاسایین و لەدەرەوەی مۆڵەتی سوپا ئەنجام دەدرێن.

لە بەرامبەردا هێزەکانی پشتیوانی خێرا رایدەگەیەنێت وەک بەشێک لە سوپا ئەرکی خۆیان لە چوارچێوەی یاسادا بەجێدەگەیەنن و بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ سوپادا کار دەکەن.