مەکسیک مەترسیدارترین وڵاتە بۆ رۆژنامەنوسان

رۆژی 24ی شوباتی ساڵی رابردوودا، پۆلیسی مەکسیک تەرمی ئەو فۆتۆگرافەرەی دۆزیەوە کە ناوی خۆسێ رامیرۆ ئاراوخۆ ئۆچۆا بوو، کە لەبەردەم ماڵەکەیدا لە شاری ئێنسێنادا کەوتبوو، دوای چەند کاتژمێرێک لە دۆزینەوەی تەرمەکە، دەزگا ئەمنییەکان توانیان دوو گەنج دەستگیر بکەن کە تۆمەتباربوون بە تیرۆرکردنی ئاراوخۆ.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەمە تیرۆرکردنی سێیەم رۆژنامەنووس بووە لە مەکسیک، کە ساڵانێکە لە پێشەنگی لیستی مەترسیدارترین وڵاتەکانی جیهاندایە بۆ کاری رۆژنامەوانی، لە کاتێکدا ئەمەریکای لاتین و کاریبی لە ریزبەندی یەکەمی ئەو ناوچانەدا بوون کە توندوتیژی دژی رۆژنامەنووسان ئەنجام دراوە.

رێکخراوی “ماددەی 19” کە تایبەتمەندە لە بەدواداچوون بۆ رووداوە توندوتیژەکانی دژ بە رۆژنامەنووسان، ئاشکرای دەکات، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم سەدەیە، 147 رۆژنامەنووس بوونەتە قوربانی تیرۆر لە مەکسیک، کە ژمارەی ئەو کەسانە زیاترە لەوانەی لەو وڵاتانەدا لە ئانجامی شەڕدا کوژراون.

رۆژنامەنووسەکان پەیوەندی قووڵ و هاوکاری نێوان بەرپرسانی سیاسی و ئیداری لەگەڵ رێکخراوە تاوانکارییەکان کە مامەڵە بە ماددە هۆشبەرەکاندا دەکەن ئاشکرادەکەن.

دواهەمین رۆژنامەنووسی کوژراو، لێکۆڵینەوەکانی تەرخانکردبوو بۆ ئاشکراکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی گەورە کە لە ناوچەکەی خۆیدا جێبەجێ دەکرا، دوای بڵاوکردنەوەی زنجیرەیەک لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هاوکاریی نێوان رێکخراوێکی تاوانکاری و ژمارەیەک بەرپرسی سیاسی و ئەمنی کە پلانیان داڕشت بۆ پەردەپۆشکردنی ژمارەیەک تیرۆر و رێگریکردن لە لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان بۆ ئاشکراکردنی تاوانباران و لێپرسینەوەیان.

مارتینێز پرسیاری ئەوە دەکرد، چۆن قوربانییەک دەتوانێت داوای پاراستن لە کەسێک بکات کە دەزانێت هاوبەشی تاوانبارەکەیە؟ ئەو داواشی کرد، دەزگایەکی سەربەخۆ بە چاودێری نێودەوڵەتی، بەدواداچوون بۆ ئەو تاوان و کردەوە توندوتیژیانە بکات کە رۆژنامەنووسان و چالاکوانەکان رووبەڕوویان دەبێتەوە.

لە راپۆرتەکەی رێکخراوی مادەی 19دا هاتووە، لە سەدا 40ی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان لە ئەستۆی بەرپرسانی دەزگا فەرمییە ناوخۆییەکاندایە، ئەمەش هۆکارێک بوو کە ساڵی رابردوو دەزگایەکی فیدراڵی بۆ دامەزرا، کە دەتوانرێت سکاڵای لەلا تۆمار بکرێت.

سەرەڕای ئەمەش میدیای مەکسیک باس لەوە دەکات، کە کەمترین ئاستی پاراستنی پێویست بۆ رۆژنامەنووسان نییە، بۆ ئەوەی دوور لە فشار و هەڕەشە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.

یەکێک لەو کەیسانەی کە لەم دواییانەدا رای گشتی مەکسیکی هەژاند، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی لە دژی تیرۆرکردنی مارگاریتۆ مارتینێزی رۆژنامەنوس، لە شاری تیخوانا، کاتێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا تەقەیان لە سەری کردبوو کوشتبوویان.

سەرۆکی مەکسیک مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر گرنگییەکی تایبەتی بۆ ئەو دۆسیەیە نیشان دابوو، و فەرمانی بە تیمێکی تایبەتی لێکۆڵەران کردبوو کە بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە بکەن.

هاوکات دەزگا ئەمنییەکان توانیان دوو کەس لەو کەسانە دەستگیربکەن کە تۆمەتبارن بە کوشتنی مارگاریتۆ مارتینێز، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن لەوەی دەستگیرکردنی تاوانباران کارێکی قورس نییە.

ئەم رێکخراوانە باس لەوە دەکەن کە لە سەدا 90ی کوشتنی ئاسایی لە مەکسیک بێ سزا ماونەتەوە، لە کاتێکدا ئەم رێژەیە بەرز دەبێتەوە بۆ لەسەدا 99.1 لەو حاڵەتانەی کە قوربانییەکان رۆژنامەنووسن،

خوان ڤازکێز، لە رێکخراوی “مادەی 19” دەڵێت، کەشوهەوای باو یارمەتیدەر نییە بۆ پاراستنی رۆژنامەنووسانی ئازاد، کە بەزۆری لە بارودۆخێکی خراپدا کاردەکەن و زۆرجار ناچارن بەشداری چالاکییەکی دیکە بکەن بۆ دەستەبەرکردنی داهاتی پێویست.

 ڤازکێز گوتیشی: وڵات خۆی لە پێگەی قوربانییەکە دادەنێت، نەک لە پێگەی بەرپرسیار بێت لەم توندوتیژییە، کە بەردەوام گەشە دەکات.

ڤازکێز ئاماژەی بەوەشکرد،  میدیاکان ناتوانن ئازادی خۆیان بەرتەسک بکەنەوە لەبەردەم توندوتیژی لە وڵاتدا، کە رۆژانە 10 ژن دەکوژرێن، پۆلیس و دەیان گەنج بە گولەی رێکخراوە تاوانکارییەکان دەکوژرێن کە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە ناسراون.