شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

لە سویسرا 16 کەس کەوتنە ژێر بەستەڵەکێکی بەفری

داڕمانی بەستەڵەکێکی بەفری لە یەکێک لە ناوچە گەشتییارییەکانی تایبەت بە خلیسکانێی سەر بەفر لە سویسرا بووە هۆی ژێرکەوتنی ژمارەیەک کەس، بەڵام لەلایەن تیمەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی ئەو وڵاتەوە رزگار کراون.

لەمبارەیەوە پۆلیسی سویسرا رایگەیاندووە، داڕمانێکی گەورەی بەفری لە ناوچەی گەشتیاری ساس لە کانتۆنی ڤالییەی سویسرا روویداوە، کە چوار هەزار مەتر لەسەر رووی دەریاوە بەرزە و لە ئەنجامدا 16 کەس کەوتوونەتە ژێری، بەڵام پۆلیس فریایان کەوتوون و رزگار کراون.

پۆلیسی سویسرا ئاماژەی بەوە کردووە، پێنج کەس لەژێرکەوتووانی داڕمانە بەفرییەکە بریندار بوونە، بەڵام برینەکانیان مەترسیدار نین.

هەروەها پۆلیس گوتوویەتی: هەمووان بەخت یاوەریان بووە کە لەم داڕمانە رزگاریان بووە و بەشێوەیەکی گشتی سەلامەت دەرچوونە، لە کاتێکدا ئاستی داڕمانەکە پێشبینی مەترسیداری لێ چاوەڕان دەکرێت.