داوا دەكرێت ٤٥٠ ئەندامی هەدەپە، سیاسەتیان لێ قەدەغە بکرێ

كارزان گلی – هه‌ولێر

دادگای باڵای توركیا، لەبەرژەوەندی هەدەپە بڕیاری دا، كە تا یەك مانگی تر بۆیان هەیە دۆسیەی تایبەت بە بەرگریكردن لە خۆیان لە دادگا كۆ بكەنەوە، ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات، كە هەدەپە داوای كردبوو، كاتیان بدرێتی تا بتوانن دۆسیەی زیاتر بۆ بەرگریكردن لە خۆیان كۆ بكەنەوە، تا بیسەلمێنن هیچ پەیوەندییەكان بە پەكەكەوە نییە. بەڵام لە مانگی نیساندا، دادگای دەستووری توركیا، بڕیاری كۆتایی لەبارەی داخستن یان دانەخستنی هەدەپەوە دەدات.

پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە)، داوای یاسایی لەسەر هەدەپە تۆمار كرد و گوتی پێویستە دابخرێت، پاشان داواكاری گشتی توركیا هەمان داوای لە دادگای دەستووری توركیا كرد، بۆیە دادگای دەستووریش دۆسیەی تایبەتی لەسەر هەدەپە كردەوە، بەڵام بڕیاری كۆتایی نەدراوە، ئاخۆ دادەخرێت یان نا؟
هاوسەرۆكانی هەدەپە، بەفەرمی داوایان لە دادگای دەستووری توركیا كرد، تا دادگاییكردنەكە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی دوا بخرێت، بەڵام دادگا ئەو داوایەی هەدەپەی رەتكردووەتەوە، بۆیە لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا، بڕیاری كۆتایی لەبارەوە دەدرێت، واتە مانگێك بەر لە هەڵبژاردن، چونكە هەڵبژاردن لە توركیا لە 14_5_2023 دەکرێت.
جگە لەوەی داوا كراوە هەدەپە دابخرێت، ئەوەی بووەتە مایەی كێشە و نیگەرانیی، داواش كراوە سیاسەت لە ٤٥١ ئەندامی هەدەپە قەدەغە بكرێت، كە هاوسەرۆكانی هەدەپە و سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپەشی تێدایە.
موراد سابونجوو، رۆژنامەنووس لە توركیا و شارەزا لە پرسی كورد دەڵێت، ئەگەر هەدەپە داشبخرێت، رەنگە دەنگەكانیان پەرت و بڵاو نەبن و دەنگ بە هاوپەیمانیی كۆشش و ئازادی بدەن، چونكە هەدەپە لەگەڵ چەند پارتێكی چەپ، هاوپەیمانیی پێكهێناوە، بەڵام ئەوەی دەبێتە كێشە، ئەگەر قەدەغەی سیاسەت لە 451 ئەندامی هەدەپە بكرێت، ئەوكات لیستی بەربژێرانی هەدەپە بۆ پەرلەمان هەڵدەوشێتەوە، چونكە بەشێكی زۆری بەربژێرەكان لەو 451 كەسەن كە قەدەغەی سیاسەتیان لەسەر جێبەجێ دەكرێت.
سابوونجوو پێیوایە، ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكرێت، تا پارتی دەسەڵات و مەهەپە بتوانن گورزی گەورە لە دەنگی هەدەپە بدەن و سەریان لێبشێوێنن.
ئەگەر هەدەپە دابخرێت و قەدەغەی سیاسەت لە 451 ئەندامی هەدەپە بكرێت، ئەوكات هەدەپە بەتەواوی كەلەپچە دەكرێت، ناتوانن پارتێكی تازەش دروست بكەن، چونكە سیاسییە گەورەكانیان كە عەقڵی پارتی سیاسین لە توركیا، قەدەغەی سیاسەتیان لەسەر جێبەجێ دەكرێت، واتە دەیانەوێت بەو بڕیارە، ئیدی سیاسییەكانی كورد لە توركیا لەناو ببەن، كە ئەمەش كاردانەوەی گەورەی بەدوادا دێت و رەنگە كەشوهەوای هەڵبژاردنیش بگۆڕێت و گرژی لێ بكەوێتەوە، بۆیە چاوەكان لەسەر دادگای دەستووری توركیایە لەبارەی دوا بڕیار لەسەر داخستن یان دانەخستنی هەدەپەوە.