هەدەپە پلانی دووهەمی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی خستە گەڕ

كارزان گلی – هه‌ولێر

دادگای دەستووری توركیا، داواکەی هەدەپەی رەت كردەوە، كە بەفەرمی داوای كردبوو، دادگاییكردنی دۆسیەی داخستنی پارتەكەیان بۆ دوای هەڵبژاردن دوا بخات، بۆیە بۆ ئەوەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا، دەنگەكانی هەدەپە بەفیڕۆ نەچێت، هەدەپە پلانی B بەكار دەهێنێت، ئەویش دەنگدانە بە پارتی سەوزی چەپی توركیا.

مەدحەت سانجار، هاوسەرۆكی هەدەپە، بەفەرمی رایگەیاند پارتەكەیان وەكو هەدەپە ناچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، چونكە خۆیان ناخەنە ناو ریسكەوە، بەڵكو لەژێر ناوی پارتی سەوزی چەپ دەچنە ناو هەڵبژاردنەوە، كە پارتێكی فەرمی و یاسایی و شەرعی توركیایە.
ئەگەر دادگای دەستووری توركیا، لە 11_4_2023، بڕیار بدات هەدەپە دابخرێت، ئەوكات لیستی هەدەپە و بەربژێرانی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەڵدەوەشێتەوە، بۆیە وەكو ئەوەی سانجار باسی دەكات، نایانەوێت خۆیان بخەنە بەردەم ئەو ریسكە، بەڵكو لەژێر ناوی پارتی سەوزی چەپ دەچنە ناو هەڵبژاردنەوە.
سانجار گوتی: ”پارتەكەمان ئەگەری داخستنی یەك لە هەزار بێت، ئێمە هەر ناچینە ناو ئەو ریسكەوە و دەنگی هەدەپە بەفیڕۆ نادەین و پارتی سەوزی چەپ پلانی B هەدەپەیە و لەژێر ناوی ئەو پارتە چاومان لە ١٠٠ كورسیی پەرلەمانە.“
جیا لەوەی داوا كراوە هەدەپە دابخرێت، هەروەها داواكاری گشتی توركیا داوای كردووە، قەدەغەی سیاسەت لەسەر ٤٥١ ئەندامی هەدەپەش جێبەجێ بكرێت، كە زۆربەی پەرلەمانتارەكانی ئێستای هەدەپەی تێدایە و هەروەها بەشێكی زۆری سەركردایەتی هەدەپەشی تێدایە، بۆیە هەدەپە، بڕیاری داوە بەشێكی كەمی ئەو كەسانەی ناویان هاتووە كە قەدەغەی سیاسەتیان لەسەر جێبەجێ بكرێت، وەكو بەربژێری پەرلەمان دیارییان نەكات.
ئەگەربێتو هەر بەربژێرێكی هەدەپە بۆ پەرلەمان، قەدەغەی سیاسەتی لەسەر جێبەجێ بكرێت، ئەگەر لەسەر لیستی هەر پارتێكدا بن، ناویان هەڵدەوەشێتەوە و بۆیان نییە بچنە پەرلەمانەوە، بەڵام ئەگەربێتو قەدەغەی سیاسەت لەسەر هەر بەربژێرێك دوای هەڵبژاردن جێبەجێ بكرێت و ئەو بەربژێرەش سەركەوتوو بوو بۆ پەرلەمان، ئەوكات بەربژێر پەرلەمانتارییەكەی هەڵناوەشێتەوە، بەڵام دەبێت وەكو پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ لەناو پەرلەمان سیاسەت بكات و نابێت لەسەر لیستی هیچ پارتێكی سیاسی بێت.
مەراڵ دانش، پەرلەمانتاری هەدەپە، كە ئەویش ناوی لەناو ئەو لیستەدایە كە داواكاری گشتی توركیا داوای كردووە قەدەغەی سیاسەتیان لەسەر جێبەجێ بكرێت، دەڵێت ئێمە كێشەمان نییە لەوەی قەدەغەی سیاسەتمان لەسەر جێبەجێ بكرێت، بەو هەنگاوە پرسی كورد و هەدەپە كۆتایی نایەت، چونكە لە ساڵانی نەوەدەكاندا لەوەی ئێستا خراپتریان بەسەر سیاسەتوانانی كورد هێنا، كەچی بەهێزتر بووین و ئێستاش دڵنیا بن بەهێزتر دەبین.
بەگوێرەی هەموو ئەو راپرسیانەی کراوە، هەدەپە دەنگەكانی 11%ە، بۆیە ئەگەر لەژێر ناوی پارتی سەوزی چەپیش بچێتە پەرلەمان، كێشەی نابێت و دەنگەكانی و پەرلەمانتارەكانی پێگەیان بەهێز دەبێت، واتە ئەگەر رێگە نەدرێت هەدەپە لە دەرگای سەرەكی پەرلەمانەوە وەكو پارت بچێتە پەرلەمان، ئەوان بەرێگەیەكی یاسایی لە دەرگای پشتەوەی پەرلەمانی توركیا دەچنە ناو پەرلەمان و كاری سیاسیی خۆیان دەكەن.
هەدەپە، بڕیاری داوە هیچ بەربژێرێكی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نەبێت و، رایشیاننەگەیاندوە كە پشتگیری لەكام بەربژێر دەكەن و هەموو ئەگەر و پێشبینییەكانیش بۆ ئەوەن، كە دەنگدەری هەدەپە، پشتگیری لە كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێری شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن دەكەن.
دەكرێت بڵێین، ئیدی هەدەپە لەناو پەرلەمانی توركیا بووە مێژوو و ناوی دەسڕێتەوە، چونكە ئیدی پارتی سەوزی چەپ، وەكو پارتێكی یەدەکی هەدەپە ناوی دێتە ناو ناوان، تەنانەت ئەگەر هەدەپە دایشنەخرێت، هەر هەدەپە ناوی دەسڕێتەوە، چونكە لەناو پەرلەمانی توركیا شتێك نامێنێت بە ناوی هەدەپە، ئەوەی دەبێتە جێگیرەوەی ئەو پارتە، پارتی سەوزی چەپی توركیایە.