بوومەلەرزەكەی شەشی شوبات، هیچ كاریگەرییەكی لەسەر كەرتی گەشتیار لە توركیا نەبووە، چونكە هەموو ئەو كۆمپانیایانەی لە ئەورووپاوە گەشتیار دەهێننە توركیا، گەشتەكانیان رانەگرتووە و هیچ گەشتیارێكیش نەیگوتووە پەشیمان بوومەتەوە لە هاتنم بۆ توركیا.
بوومەلەرزەكەی شەشی شوبات، كاریگەریی لەسەر 10 شاری توركیا هەبووە، بەشێك لەو شارانە پێش بوومەلەرزە گەشتیار رووی تێكردووە، بەڵام زیاتر لە سەدا٩٠ـی گەشتیاری بیانی روو لەو شارنەی توركیا دەكەن كە بوومەلەرزە نەیگرتوونەتەوە.
وەزارەتی گەشتوگوزاری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، ساڵ بە ساڵ كەرتی گەشتیاری لە توركیا جوڵەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و رێژەی گەشتیاریش زیاد دەكات.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن حكوومەتی توركیاوە بڵاوكراوەتەوە، لە 2022دا، رێژەی گەشتیار بۆ توركیا 51% زیادی كردووە و 51 ملیۆن گەشتیار لە هەموو جیهانەوە هاتوونەتە توركیا.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، لە 2022دا داهاتی كەرت گەشتیاری لە توركیا 46 ملیار دۆلار بووە، ئەمەش لە كاتێكدایە لە 2019 داهات 38 ملیار و 900 lلیۆن دۆلار بووە.
حكوومەتی توركیا بە نیازە، بۆ 2023 كەرتی گەشتیاری زیاتر ببوژێنێتەوە، هەروەها داهاتی كەرت گەشتیاری بۆ سەرووی 50 ملیار دۆلار بەرز بكاتەوە.
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی (euronews) بەشی توركی، بوومەلەرزە هیچ كاریگەرییەکی لەسەر كەرتی گەشتیاری نابێت، چونكە ئەو شوێنانەی گەشتیاری بۆ دەچێت بوومەلەرزە لێی نەداوە، وەكو ئیستانبۆڵ، ئەنتاڵیا، ئیزمیر، بۆدروم، مارماریست و زۆر شوێنی تریش.
ئیستانبۆڵ، بەردەوام رێژەی پێوانەیی شكاندووە لەڕووی هاتنی گەشتیارەوە و هیچ شارێكی توركیا ئەوەندەی ئیستانبۆڵ گەشتیاری بۆ نەهاتووە، تەنیا لە 2022دا 16ملیۆن گەشتیار رووی لە ئیستانبۆڵ كردووە و بەرنامە هەیە بۆ 2023 ئەو رێژەیە بەرز بكرێتەوە.