دوای بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 6ـی شوبات 56 هه‌زار سووری به‌ یه‌كجاری گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ وڵاته‌كه‌یان

 

وه‌زیری به‌رگری توركیا رایده‌گه‌یه‌نێت، دوای بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 6ـی شوبات، به‌ هه‌زاران سووری به‌ یه‌كجاره‌كی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ وڵاته‌كه‌یان.

خلووسی ئاكار وه‌زیری به‌رگری توركیا ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 12ـی ئادار / مارسی 2023) له‌ میانه‌ی لێدوانێكدا رایگه‌یاند، دوای بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 6ـی شوبات، 56 هه‌زار په‌نابه‌ری سووری له‌ توركیا به‌ یه‌كجاره‌كی و ویستی خۆیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ وڵاته‌كه‌یان.

ئاكار راشیگه‌یاند، زۆربه‌ی سوورییه‌كانی دانیشتووی توركیا، به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 6ـی شوبات، ماڵ و كه‌سوكارییان له‌ده‌ستداوه‌، بۆیه‌ ناچارن روو له‌ وڵاتی خۆیان بكه‌ن.

ده‌شڵێت: “ئه‌وان له‌ رێگه‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانه‌وه‌، ناویان تۆماركردووه‌ و به‌ فه‌رمی و به‌ یه‌كجاره‌كی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سووریا”.

وه‌زیری به‌رگری توركیا ره‌تی ئه‌وه‌ی كرده‌وه‌، هیچ په‌نابه‌رێكی سووری دوای بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 6ـی شوبات رووی له‌ توركیا كردبێت و گوتی: “سنووره‌كان تۆكمه‌ و كۆنترۆڵكراون، دووباره‌ هاتنی ئه‌وان، قابیلی گفتوگۆكردن نییه‌، چونكه‌ رێگه‌یان پێ ناده‌ین”.

دوای بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 6ـی شوبات، توركیا رێگه‌ به‌ كه‌سوكاری ئه‌و سووریانه‌ی داوه‌، كه‌ له‌ توركیا ده‌ژین، بێن سه‌ردانی كه‌سوكاریان بكه‌ن، و ته‌نیا بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ ماونه‌ته‌وه‌، پاشان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ میدیا توركیییه‌كان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆر له‌سه‌ر سنووره‌كان به‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌ سوورییه‌كان هه‌یه‌.

به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌، 6 هه‌زار په‌نابه‌ری سووری له‌ توركیا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و تا ئێستا دوو هه‌زار ته‌رم ره‌وانه‌ی سووریا كراونه‌ته‌وه‌.

دوێنێش یونس سه‌زه‌ر سه‌رۆكی سەرۆکایەتی ئیدارەدانی کارەسات و باری لەناکاوی توركیا (AFAD) ئاشكرایكرد، به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كانی 6ـی شوباتی باكووری كوردستان و توركیا، كه‌ چه‌قه‌كه‌ی شاری مه‌ڕه‌ش بوو، 47 هه‌زار و 975 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.