تاران و ریاز لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان رێکەوتن و، هەردوو حکومەتی ئێران و سعوودیە لەماوەی دوو مانگدا باڵیۆزخانەکانیان دەکەنەوە.
رێککەوتنی تاران و ریاز بە نێوەندگیری چین لە پەکین کراوە و هەر سێ لا راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا سوپاسی هەوڵەکانی عێراق و عوممانیان کرد.
لە راگەنەدراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، کە وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعوودیە بۆ ئامادەکارییەکان کۆدەبنەوە.
ئەمینداری ئاسایشی نیشتیمانی ئێرانیش لەلای خۆیەوە رایگەیاند، پەیوەندییەکانی تاران و ریاز سەقامگیری ناوچەکە بەهێزتر دەکات.
لە ساڵی 2016 خۆپیشاندەرانی ئێران بەرامبەر لە سێدارەدانی ئەبونەمر، کەسایەتی شیعە مەزهەب لە سعوودیە هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە تاران، ئەمەش نیگەرانی سعوودیەی لێکەوتەوە و پەیوەندییە سیاسی و دپلۆماسییەکانیان پچران.